رێبوار حەمەلاو شوانى
بە درێژایی زیاتر لە یەک سەدە خەبات و بەرخودانى گەلى کورد ، جیاواز لە هەموو هێز وگروپەکانى ناوچەکە و جیهان ؛ نەتەوەیی کورد جیاواز لە هەموو گەل و نەتەوەکەکانى دیکە ، وێراى هەموو ئەو ستەمکارى و داگیرکارى و هەوڵانەى دوژمنان و داگیرکەران و زڵهێزان بەرامبەریان کردوویانە ، بەڵام بە رۆحێکى مرۆڤدۆستى و دڵفراوانى و خەباتێکى پاک وبێگەردیان بۆ وەدیهێنانى مافەرەواکانیان لە ناو هەموو گەل و نەتەوەکانى ناوچەکە کردووە ، ئەویش گەڕاندنەوەى خاک و ماف و ئازادى بووە کە بەناهەق لێیان زەوتکردووە وخاکەکەیان بە سەر عەرەب،فارس،تورک دا دابەکردووە ، لەگەڵ هەموو ئەو زۆردارییەى داگیرکەران بەڵام هەرگیز ستەمکارى و کردەوەیەکى نامرۆڤایەتى دژیان ئەنجام نەداوە و هەموو بەهاکانى مرۆڤ بوون و کوردبوون جیاواز لە هەموو شۆڕش و راپەڕینى ناوچەکە پاراستووە کە پێشێڵى هەموو بەهاکانى مافى مرۆڤکراوە
شۆڕش و راپەڕینەکانى کورد بەڵگەیەکى وەک بەڵگەیەکى حاشاهەڵنەگر
بەدرێژایی شۆڕشەكانی كورد بەهەڵدانەوەى لاپەرەکانى مێژوویی شۆڕش وراپەڕینەکانى نەتەوەى کورد ، جگە لە بەدەستهێنانەوەى خاک و مافەزەوتکراوەکانى خۆى ، هەرگیز پەناى نەبردۆتە بەر داگیرکردنى موڵک و ماڵ و خاکى هیچ وڵاتێکى دیکە و ئینجا کوشتن و تەقاندنەەوە و بارمنەگرى ، هەرگیز پەناى نەبردوو بۆ ئەوەى ببێتە ئامرازێک بەدەستى داگیرکەران و وڵاتانى دیکەوە ، چونکە ستراتیژ و کوردبوونى و بەهاکانى مرۆڤدۆستى و پێکەوەژیان و ئاشتیخوازى پێش هەموو پرسێکى دیکەوە بووە ،واتە شەڕى کورد لە خۆشەویستى و شەڕانگێزى بووە بەڵکو لە پێناو بەرگریکردن لە خۆى و مافەرەواکانى بووە
پێشمەرگە و شەڕى جیهان تیرۆریستان
لە گەرمەی شەڕی تۆقێنەری لەو کاتە سەخت و هەستیارانەى کە ناوچەکە وجیهان بەهۆى شەڕى تیرۆریستانەوە ڕووبەڕووى ببوونەوە ، هێزى پێشمەرگەى کوردستان و گیانفیدایی گەلى کورد ، نەک هەر تەنها بەرگرى لە سەر کوردوکوردستان کرد ، بەڵکو ڕێگەى نەدا و بە چەکى سادەى دەستى لە کاتێکدا عێراق چەندین جار ڕەتیکردەوە تا چەک و تەقەمەنى بۆ هێزى پێشمەرگەى کوردستان بنێرێت ، توانى بەئیرادەى پۆڵاینى خۆى هەموو مرۆڤایەتى لە هەڕەشەى تیرۆریستان بپارێزێت ؛ ئەوەش تەنها پشتیوانى نێودەوڵەتى نەبوو ، بەڵکو هەوڵ و هاوکارى هەموو گەلى کورد بووە لە هەموو ڕوویەکەوە ، ناکرێت هاوپەیمانان و بەتایبەتى زڵهێزێکى وەک ئەمەریکا بڵێت ئێمە تەنها هاوکارى کوردمان کردووە ، بەڵکو ئەوان باش دەزانن کە گەلى کورد ئەگەر بێ چەکیش بێت ئەوا بەرگرى لە خاک و نەتەوەکەى خۆى دەکات و لەو پێناوشدا هەزاران پێشمەرگە و شەڕڤان لە باشوور و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتى کوردستانیش ڕووبەڕووى دڕندەترین ڕێکخراوى تیرۆریستى بەناوى داعش بوونەوە ، ئەوەش بۆ هەموو جیهانى سەلماند گەلى کورد ، گەلێکى بوێر و ئازایە ئەگەر خیانەتى لێنەکرێت ، هیچ داگیرکەر و وڵاتێک و تیرۆریستێک ناتوانێت ڕووبەڕووى ببێتەوە
کورد خاوەن دۆزێکى رەوایە کە لە هەموو چەک و سەرەوەتێک پڕبەهاترە
گەلى کورد وەک نەتەوەیەکى تێکۆشەرو شۆڕشگیڕ بۆ ئەوە خەباتى نەکردووە تا چەک و پارە لە وڵاتێکى دیکە وەربگرێت و شەڕى دەوڵەتێکى دیکەى پێبکات ، بەڵکو خاوەن دۆزێکى رەوایە ، هەمیشە لەو پێناوشدا و سازش نەکردنى لەسەر ماف و خاکى ڕووبەڕووى هەوڵى سڕینەوە و لەناوبردن بووەتەوە ، لەگەڵ ئەوەشدا بە گەواهیدەرى هەموو ناوەندە ئاکادێمییەکان جیهان ، پێشمەرگە متمانەپێکراوترین هێز بووە کە بە فیدڕاکارى و خۆێنى خۆى مێژوویی پڕ سەروەرى لە پێناو ئازادى گەلەکەى نووسیووتەوە ، بۆیە ئەگەریش لە هەر حاڵەت و دۆخێکدا لەگەڵ هێزەکانى ئەمەریکاو هاوپەیمانان وەک هاوبەش و هاوپەیمان ئەرکەکانى جێبەجێکرد بێت ، ئەوا بەو مانایە نییە ، کە وا لە ئەرک و بەرپرسیاریەتییە نەتەوەیی ونیشتیمانییەکانى لادەدات و دەبێتە هێزێکى میلیشیایی و پارە وەڕگر ، بەڵکو هەمیشە وەک هاوپەیمانییەتیەکى متمانەپێکراوە ئامانجێکى دیار هەبووە
بۆیە، پێشمەرگە ، ناوێکى مەزن و ئەرکێکى پیرۆزى لە سەر شانە و هەڵگرتووە ، تاکە هێزى جیهانییە بەدرێژایی مێژوو نەچووەتە ژێر باڵى هیچ وڵاتێکەوە تا بەکار بهێنڕێت ، ئەوەى لەگەڵ هاوپەیمانانیش دژى ڕێکخراوە تیرۆریستەکان و ئازادى عێراق و هەر پرسێکى دیکەى ئەمنى ڕوویدا بێت ، تەنها بە ویستى وڵاتانى زڵهێز و هێزەکانى هاوپەیمانان بووە ، ناکرێت کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و زڵهێزان و بەتایبەتى ئەمەریکاش ئەو راستییەیان لەبیر بچێت ، ئەگەر فریادڕەسى هێزى پێشمەرگەى کوردستان نەبووایە ، ئێستا شوێنى ئارام و سەقامگیر لە جیهان بوونى نەدەما ، بابەتەکەش چەک و پارە نییە ، خۆ ئەگەر وابووایە ، هێز و سوپاى عێراق خاوەن پێشکەوتووترین چەک و داهات بوون بەڵام نەیانتوانى تەنها بۆ یەک کاتژمێر بەرگەى تیرۆریستان بگرن ، لەوەش گرنگتر ئەوەیە ، گەلى کورد ، شۆڕش و قوربانى بەخشیووە نەک لە پێناو چەک و پارە ، بەڵکو لە پێناو بەدیهێنانى ئازادى و سەربەخۆیی وەک مافێکى رەوا و هاوشێوەى هەموو ئەو گەل و نەتەوانەى خاوەن دەوڵەتن

