رێیوار حەمەلاو شوانى
دواى دەیان ساڵ قوربانیدان و خۆڕاگرى گەلى کورد، توانى ببێتە خاوەن قەوارەیەکى ددانپێنراو لە سەر ئاستى ناوخۆیی و هەرێمایەتى و نێودەوڵەتیشدا ، کە دواتر بەڕێگەى هەڵبژاردنێکى ئازاد و دیموکراسیانە لە ساڵى 1992 ، توانى یەکەم پەرلەمان و حکوومەتى کوردستان دابمەزرێنێت ، گشت دامودەزگانی دیکەش بەڕێگەى ئەو دەنگدان و ئیرادەى خەڵکەوە شەرعییەتى یاسایی خۆى وەڕگرت ، ئەو پرۆسەیە لە کاتێکدا بوو ، پارتى دیموکراتى کوردستان بە جیاوازى زۆر لە یەکێتیی ، وەک حزبى یەکەمى کوردستان متمانەى جەماوەرى بەدەستهێنا ، بەڵام بەهۆى هەلومەرجى ناسکى ئەو کاتەى کوردستان و ناوچەکەش ، پارتى لە پێناو بەهێزکردنى ئەزموونى حکوومڕانى هەرێمى کوردستان ، لە مافى دەنگى جەماوەرى خۆى بەخشى تاکو پەرلەمان و حکوومەت و دامەزراوەکان وەک یەکەم ئەزموون بکەونە سەر قاچەکانى خۆیان و گەلى کوردیش بۆ هەموو دونیایی بسەلێمنێت کە تەنها لە شەڕى چەکدارى و شۆڕشگێرى نا بەڵکو لە بەڕێوەبردن و دەوڵەتداریش دەتوانێت سەرکەوتنى گەورە بەدەست بێنێت هاوشێوەى گەل و نەتەوە ڕەسەنەکانى ناوچەکە و جیهان
بۆیە ، کاتێک باسى هاوبەشى لە حکوومرانى دەکرێت بەشێوەیەکى هاوبەش، بەتایبەتى کاتێک حزبێک هێزى یەکەم دەبێت لە ناو پەرلەماندا و بەتایبەتى کاتێک هیچ هێزولایەنێک نەتوانێت زۆرینە بەدەست بێنێت ، ئەوا دەبێت هاوپەیمانى لەگەڵ لایەنێکى دیکە پێکبهێنێت بۆ ئەوەى بتوانێت حکوومەتێکى نوێى هاوبەش پێکبهێنێت ، مێژوویی سێ دەیە حکوومڕانى گەلى کورد گەواهیدەرە پارتى دیموکراتى کوردستان ، هەمیشە پشکى شێرى لە هەڵگرتنى ئەرک و بەرپرسیاریەتیی بەتایبەت لە قۆناغە هەستیار و سەختەکاندا هەڵگرتووە ،بەو واتایەى لە کاتێکدا ئەو لایەنەى کە لە نێو حکوومەت و پەرلەماندا خۆى بە هاوبەش زانیووە ، بەڵام لە راستییدا وەک ئۆپۆزسیۆنێکی رووخێنەر نە بونیاتنەرى کارى کردووە بۆ پەکخستنى کاروهەنگاوەکانى حکوومەتى کوردستان ، لەکاتێکدا لە هەر دوو لا سوودمەندى حزبى و کەسى بووە بۆ چەند دەستکەوتێک و پۆسێک ، بەڵام لە کاتى تەنگانەدا پشتى لە حکوومەت و گەل و نیشتیمانەکەى کردووە ، لە سەرەوەش لە میدیاکان بە چەواشەکارى و گەوجاندن هەوڵى خۆ دزینەوەیان لە ڕاستییەکان کردووە و خۆیان وا وێنا کردووە کە ستەمیان لێکراوە لەو هاوبەشییە بێ مانا و درۆییەى کە خۆشیان باوەریان پێنەبووە
ئەوەش ئەو راستییە دەگەێنێت ، کە پارتى هەمیشە نەک بە ڕۆحێکى دیموکراسیانە و هاوبەشى لەگەڵ هێزولایەنەکانى دیکە مامەڵەى کردووە ، بەڵکو بە پێى هەموو بەڵگە مێژووییەکان ئەو لایەنانەى لە ئێستادا دهۆڵى هاوبەشى و پۆست و پەنجا بە پەنجا دەکووتن ، هەرگیز دڵسۆز و پەرۆشى گەل و نیشتیمانەکەیان نەبوونە ، بەڵکو لە پێناو بەرژوەندییە حزبى و تایبەتییەکانیان و وەزارەت و پۆستێک ئامادە بوونە ببنە هاوبەشى راستەقینەى نەیارانى کوردستان ، بۆ لێدانى قەوارەى هەرێمى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان کە بەکردەوە و مێژوو و هەڵوێستەکانى گەواهیدەرەن ، هەموو کارێک بکەن ، ئێستاش بەهەمان نەفەسى خۆپەرستى و حزبایەتى بەرتەسکى 24 ساڵ پێش ئێستا خەونى لێکترازان و دوو ئیدارەی و خۆسەپاندن نەک ڕێزگرتن لە دەنگ و ئیرادەى گەلى کوردستان دەبینن
هاوبەشى وهاوپەیمانى بەو واتایە نایەت کە زیان لە سەنگ و قەوارەى هەرێمى کوردستان بگەێنێت، دهۆڵى لێکترازان و پەرتەوازەیی و دواخستنى کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى حکوومەتى نوێ بکوتیت ، بەڵکو دیموکراسى راستەقینە و هاوبەشى کردن واتە هەڵگرتنى ئەرک و بەرپرسیاریەتى مێژوویی و ئینجا بە پێى ژەمارەى کوردسییەکان هاوبەشکردنێکى راستەقینە بۆ خزمەتکردنى خەڵکى کوردستان ، خۆ ئەگەر دەنگدان و ژەمارى کوردسى هیچ واتایەکى نەبێت ، ئەوا ئەنجامدانى هەڵبژاردن چ واتەیەکى هەیە ، خۆ ناکرێت گاڵتە بە هەست و باوەر و ئیرادەى گەلى کورد بکرێت ، ئەوکاتە دیموکراسى هیچ واتایەکى نامێنێت و هەموو هێزولایەنەکانیش متمانەیان لەدەست دەدەن
بۆیە ، کاتى ئەوە هاتووە ، ئەو هێزولایەنانەى کە خوازیارن خزمەتى گەل و نیشتیمانەکەیان بکەن و ببنە هاوبەشێکى راستەقینە، ئەوا پۆست و وەزارەتێک نەکەنە پاساو بۆ ڕێگریکردن لە کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى حکوومەت ، چونکە ئەو مەرام و خەونى ناحەزانى کوردستانە کە ، قەوارەى کوردستان لاواز و بێ ئیرادە بێت ، بەتایبەت ، کە سەرۆک مسعود بارزانى ، پارتى دیموکراتى کوردستان نەک لە بەر خاترى پۆست و وەزارەتێک بەڵکو لە بەر ناوبانگ و شکۆ و ئیرادەى گەلى کورد هەمیشە نەرمى زۆریان نواندووە بۆ ئەوەى حکوومەتى نوێی هەرێمى کوردستان پێکبهێنرێت ، بەڵام ئەگەر هەر لایەنێک خەونى ئەوە ببینێت ، بە پیلانگێرى پێشتر دارێژراو ژەمارەى کوردسییەکانى بگەێنێتە ئاستى پارتى ، کە هەرگیز نەیتوانیووە ، ئەو خەیاڵێکە و هەرگیز نایەتەدى ، پارتى خاوەن سەنگ و پێگەى جەماوەرى و متمانەیەکى یاسایی و خاوەن دەنگێکى رەوایە و هیچ سازشیش لەسەر مافە رەواکانى خەڵکى کوردستان ناکات ، دەبێ بزانن هاوشى و سازانى راستەقینە واتە راستەقینە واتە یەک هەرێم ،یەک پەرلەمان ، یەک حکوومەت ، یەک هێزى پێشمەرگە.

