حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە ماکسیم ڕۆبین، سەرکونسوڵی گشتیی ڕووسیای فیدراڵ لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، سوپاسی کونسوڵخانەی ڕووسیای فیدراڵی کرد، لە پای ئاسانکاری و هەماهەنگییە کولتوورییەکانیان لە پێناو بەرەو پێشبردنی زیاتری پەیوەندییە کولتوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕووسیای فیدراڵ، بە تایبەت ئەو هەماهەنگییەی دەستەبەر کرا بۆ بەشداریکردنی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە فێستیڤاڵەکانی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ.
ماکسیم ڕۆبین، سەرکونسوڵی گشتیی ڕووسیای فیدراڵ سوپاسی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی کرد لە پای بەدەمەوەچوون و ئەو ئاسانکاریانەی وەزارەت بۆ سەرخستنی پڕۆژە کولتوورییەکان پێشکەشیکردووە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا گفتوگۆ لە بارەی دانانی پەیکەری کەسایەتی و کوردناسی بەناوبانگی ڕووسیا پ. د. ئۆربێل جۆزێف ئەبگارەڤیچ کرا، کە یەکێکە لە زانا ناودارەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و دامەزرێنەری کوردناسییە لە سانت پترسبۆرگ.
پڕۆژەی دانانی ئەو پەیکەرە لەسەر پێشنیازی د. دانەر ئەبوبەکر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا و کونسوڵخانەی گشتیی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان گەڵاڵە کرا و وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان وێڕای ڕەزامەندی، بودجەی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە تەرخانکرد.
دواتر داوا لە هونەرمەندی پەیکەرساز و قوتابی ماستەر لە ڕووسیا هاوار عەلی مەردان کرا، پڕۆژەکە جێبەجێ بکات.
پ. د. ئۆربێل جۆزێف ئەبگارەڤیچ، کەسایەتییەکی ئەکادیمی ناسراوی ڕوسیایە، بە هەوڵی کۆششەکانی ئەو لە 1959 بەشی کوردی لە پەیمانگای دەستنوسە ڕۆژهەڵاتییەکان لە شاری لینینگراد کرایەوە. ئەمەش بووە دەسکەوتێکی مەزن لە بواری لێکۆڵینەوەکانی کوردناسیدا.

