کورتەفیلمی کوردی “مردن لە نێوان ژیاندا“ کە لە دەرهێنانی ڕێکار بەرزانە و بەرهەمی بەشی هونەری سینەمای سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانییە، بەشداری لە 22یەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کازان دەکات.
فێستیڤاڵەکە لە رۆژانی 4-8ـی ئەیلوولی 2026 لە شاری کازانی پایتەختی کۆماری تاتارستان لە ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.
کازان یەکێکە لە فێستیڤاڵە سینەماییە دێرین و ناسراوەکان کە لە ژێر دروشمی “دیالۆگی کولتوورەکان لە ڕێگەی کولتووری دیالۆگەوە” بەڕێوەدەچێت و گرنگی بەو بەرهەمە سینەماییانە دەدات کە کۆڵەکەکانی ئاشتی، مرۆڤدۆستی و بەها بەرزەکان بڵاودەکەنەوە.
کورتەفیلمەکە پێشتر بەشداریی لە چەندین فێستیڤاڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا کردووە و چەند خەڵاتێکی بەدەستهێناوە.

