لە شارەدێی رزگاری یەکەم فێستیڤاڵی ئەدەبیی جینۆساید بۆ شیعر و چیرۆک بەڕێوەچوو.
فێستیڤاڵەکە بە ئامادەبوونی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لایەن رێکخراوی یەکێتیی نووسەرانی جینۆساید بە هەماهەنگی رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی بەڕێوەچوو.
وەزیری رۆشنبیری و لاوان وێڕای دەستخۆشی لە یەکێتیی نووسەرانی جینۆساید بۆ رێکخستنی فێستیڤاڵەکە، رایگەیاند، “وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە روانگەی هەستکردن بەگرنگی ئەم بابەتە پارساڵ کۆنفرانسێکی فراوانی سازکرد بەناوی “جینۆسایدی گەلی کوردستان و رەنگدانەوەی لە ئەدەب و هونەردا”، ئەمساڵیش لەبەر گرنگی بابەتەکە لیژنەی ئامادەکار کار لەسەر دووەمین کۆنفرانس دەکەن بە بەرفراوانتر کە هەم نێودەوڵەتییە و هەمیش تەوەری میدیای بۆ زیادکراوە”.
دوای رێوڕەسمی دەستپێکی فێستیڤاڵەکە، وەزیری رۆشنبیری و لاوان، بە یاوەری ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان سەردانی مۆنۆمێنتی ئەنفالی کرد و تاجەگوڵی رێز و وەفای لە بەردەم مۆنۆمێنتەکە دانا.