ئالین هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان، رایگەیاند لە چەند رۆژی داهاتوودا بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە گۆرانییەک بە سوریانی پێشکەش دەکات.
سەبارەت بە هۆکاری گوتنی گۆرانی بە سریانی ناوبراو لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی زاگرۆسی راگەیاند: هەمو پارچەکانی کوردستان شوێنی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بووە، هیچ کاتێک هەست بە جیاکاری نەکراوە، من لە ژینگەیەکدا گەورە بووم دۆستایەتی و هاوڕێیەتیم لەگەڵ کریستیانەکان هەبووە، هەر ئەوەش وایکرد کە بە سریانی گۆرانی بڵێم و شارەزایی لە زمانیان هەبێت.
ئەوەشی راگەیاند: بەبۆنەی سەری ساڵی نوێوە گۆرانی (حۆنئلێ) بە شێوازێکی نوێ و جیاواز پێشکەش بە خوشک و برا کریستیانەکان دەکەم، هیوادارم بە دڵیان بێت و لێرەوە پیرۆزبایی ساڵی نوێیان لێدەکەم، هیوادارم ساڵی نوێ بۆ هەموو لایەکمان ساڵی تەبایی و خۆشگوزەرانی بێت و هاتنە دیی هیوا و ئاواتەکانی گەلی کوردستان بێت لە هەموو پارچەکان.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئالین گوتی: هیوادارم گشت هێزە كوردستانییەكان لە هەموو پارچەكانی كوردستان گوتاریان یەك بخەن و یەكگرتوو بن بەتایبەتی كوردانی رۆژئاوا، چونكە ئەوان بە كاتێكی هەستیار وناسكدا تێپەڕ دەبن و باشترین چارەسەر بۆ گرفتەكانیان لە ئێستادا یەكگرتن و هاوكاری كردنی یەكترە، هیوای ئازادی و ئاوەدانی بۆ گشت پارچەكان دەخوازم.
ئەم بەرهەمە پێشتر لەلایەن هونەرمەند جۆلیانا جوندۆ بڵاوکراوەتەوە، دابەشکردنی میوزیک و ئەرێنجی لەلایەن مەمۆ گول کراوە و هەژار دهۆکی کاری دەرهێنانی بۆ کلیپەکەی کردووە.