لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لەگەڵ رۆژنامەی “زە تەلەگراف”، ئەستێرەی جیهانی، جۆنی دێپ، دانی بەوە نا کە منداڵییەکی سەختی هەبووە و راشکاوانە باسی لەو تووندوتیژییە کرد کە لەلایەن دایکییەوە، بێتی سو پاڵمەر، بەرامبەری کراوە.
دێپ رایگەیاند، دایکی “کەسێکی تووندوتیژ و پێشبینینەکراو بوو” و گوتی: “بە هەر شتێک لەبەردەستیدا بووایە لێی دەدام… گۆچان، پێڵاو، تەپڵەکی جگەرە، تەلەفۆن… گرنگ نەبوو چییە.”
لەگەڵ ئەوەشدا، دێپ سوپاسگوزاریی خۆی بۆ ئەو ئەزموونە دەربڕی و گوتی: “بەڵام من سوپاسی دەکەم بۆ ئەوە.”
ئەکتەرە ئەمریکییەکە روونیکردەوە، دایکی وانەیەکی گرنگی لە پەروەردەکردندا فێرکردووە و جەختی کردەوە: “فێری کردم چۆن منداڵەکانم پەروەردە بکەم، تەنیا بە تەواوی پێچەوانەی ئەوە بکە کە ئەو دەیکرد”.

