بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، ئەستێرەی ئەمریکی جۆرج کلونی، هەست بە ئیرەیی و نائارامی دەکات بەرامبەر بە چەند ئەستێرەیەکی دیاری هۆڵیوود وەک تۆم کروز، برادلی کوپەر و چانینگ تاتۆم. باس لەوە دەکرێتە؛ بەهۆی ئەو ئیرەییە پەیوەندیی لەگەڵ هاوڕێ دێرینەکەی، براد پیت، تێكچووە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، براد پیت لەم دواییانەدا کاتەکانی لەگەڵ ئەستێرەکانی دیکە بەسەر دەبات و لە کلونی دوورکەوتووەتەوە، ئەمەش سەرەڕای هاوڕێیەتییەکی دێرینیان کە بۆ ساڵانی نەوەدەکان دەگەڕێتەوە و بەشداریی هاوبەشیان لە فیلمی “Wolfs”.
هەرچەندە نوێنەرانی براد پیت بوونی ناکۆکیی نێوانیانی رەتکردووەتەوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پیت سەرقاڵی وێنەگرتنی کارێکی هونەری بووە لە دەرەوەی وڵات، بەڵام ئامادەنەبوونی لە یەکەم نمایشی شانۆیی کلونی لە برۆدوەی ئەمساڵ، پرسیاری زۆری دروستکرد و گومانەکانی لەسەر ساردبوونەوەی پەیوەندییەکەیان زیاتر کرد.
بەگوێرەی ماڵپەڕی RadarOnline، جۆرج کلونی زۆر دڵتەنگە بە هەڵوێستی براد پیت. سەرچاوەیەکی نزیک دەڵێت: “جۆرج پێی وایە دەبوو پیت هەوڵی ئامادەبوون بدات، بەتایبەتی کە جۆرج هیچ رۆژێک لە پشتیوانیکردنی درێغی نەکردووە.”

