zagros news agency

قەدەغەکردنی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە زانکۆکان پێچەوانەی دەستوور و یاسایە

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدانەی هەر هەوڵێکی دژ و نەیار بە زمانی کوردی و بەکارهێنانی لە ناوەندەکانی خوێندن و دامودەستگاکانی دەوڵەتدا دەکات.

بەداخەوە، بە بڕیاری ژمارە (6496)ی رۆژی 16ـی تەمموزی 2025ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، کە ئاراستەی زانکۆکانی مووسڵ، کەرکووک و دیالەی کردووە، فەرمانیکردووە، پرسیاری تاقیکردنەوەکان نەکرێنە کوردی.

دەرکردنی ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی ماددەی (4)، بڕگەی یەکەمی دەستووری عێراق، زمانی کوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی، زمانی ڕەسمییە لە دەوڵەتدا.

هەروەها ئەو بڕیارە پێچەوانەی ماددەکان و ناوەڕۆکی یاسای ژمارە (7)ی ساڵی 2014ی تایبەت بە زمانە فەرمییەکانی عێراقە، کە لە ژمارە (4311)ی رۆژنامەی وەقائیعی عێراق لە شوباتی 2014 بڵاوکراوەتەوە و لە ماددەی سێیەمی یاساکەدا زۆر بە روونی هاتووە، زمانی عەرەبی و زمانی کوردی دوو زمانی ڕەسمین لە عێراقدا.

وێڕای ئیدانەکردنی ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، داواکارین لە دامەزراوە دەستوورییەکانی عێراق، سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە، ئیدانەی هەر جۆرە بڕیارێکی نادەستووری لەو شێوەیە بکەن و بەرپرسانی دەرکردنی ئەو بڕیارە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بکەنەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

داهاتی “Bad Boys: Ride Or Die” لە سینەماکانی جیهاندا

ART

بۆ یەکەمجار کچێکی سعودی بۆ شاجوانی گەردوون بەربژێر دەکرێت

ART

لە هەولێر بەڵگەفیلمی “کەرکووک تەعریبی بەردەوام” نمایشکرا

ART