zagros news agency

دووەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کورد و رەنگدانەوەی لە ئەدەب و هونەر بەڕێوەدەچێت

بڕیارە رۆژانی 25و 26ی 8ـی2025، بە چاودێریی حەمەی حەمەسەعید، وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان، دووەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کورد، رەنگدانەوەی لە ئەدەب، هونەر و میدیادا لە سلێمانی سازبکات.

نامق هەورامی، وتەبێژی کۆنفرانس لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند “کۆنفرانسەکە، دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، تێیدا 28 توێژینەوەی زانستیی لە بارەی جینۆسایدی کوردەوە لەلایەن پسپۆڕ و شارەزایانەوە پێشکەش دەکرێن، پێشتر لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕی بوارەکەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە و پەسندکراون،  بەخۆشحاڵییەوە توێژینەوەکان جگە لە توێژەرانی کورد، لە حەوت وڵاتی دیکە بەشدارن، جگە لە زمانی کوردیی، توێژینەوەکان بەشێکیان بە زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی، تورکی پێشکەش دەکرێن.

هەورامی گوتیشی: خاڵێکی گرنگی کۆنفرانسەکە، بریتییە لە چاپکردنی سەرجەم توێژینەوەکان لە دووتوێی کتێبێک کە لە رۆژانی کۆنفرانس بەسەر بەشداربوواندا دابەش دەکرێت، هەروەها زیاتر لە 60 میوانی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بانگهێشتکراون، سەرجەمیان شارەزاییان لە بواری جینۆساید هەیە.

روونیشیکردەوە، لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، چوار خەڵاتی ئاڵتوونیی دەبەخشرێت بە چوار کەسایەتی کوردی و جیهانیی کە رۆڵیان هەبووە لە ناساندن و داکۆکیکردن لەو جینۆسایدانەی دەرهەق بە کورد کراون، بەسوپاسەوە لەلایەن جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دابینکراوە.

یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی جینۆسایدی کورد، ساڵی 2023 بەڕێوەچوو، جیاوازییەکەی لەگەڵ کۆنفرانسی ئەمساڵ ئەوەیە کە کۆنفرانسی ئەمساڵ نێودەوڵەتییە و لە حەوت وڵاتی جیهانەوە بەشداریی هەیە، لە کۆتایی کۆنفرانسیش کۆمەڵێک پێشنیاز و راسپاردە ئامادەکرێن، هەروەها کۆنفرانسی ڕابردوو، تەنیا بۆ ئەدەب و هونەر بوو، ئەمساڵ میدیاشی بۆ زیاد کراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

مۆڵەتەکەی ترەمپ بۆ مادۆرۆ کۆتایی هات

سەڵاح

شاندێکی ئەمنی گەیشتنە سنووری نێوان عێراق و سووریا

سەڵاح

سەرەتای مانگی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی ماڵان دەكرێت

سەڵاح