چەندین ڕاپۆرتی بیانی ئاشکرایان کردووە کە بەرنامەی (Jimmy Kimmel Live!) دەگەڕێتەوە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی کەناڵەکانی (ABC)ـەوە.
کۆمەڵەی تەلەڤیزیۆنی (Nexstar) ڕایگەیاندووە، دەست بە پەخشکردنەوەی بەرنامەی “Jimmy Kimmel Live” لەسەر 32 کەناڵی سەر بە تۆڕی (ABC) دەکەن، ئەمەش لە ئێوارەی ڕۆژی هەینییەوە دەستپێدەکات، دوای ئەوەی پەخشکردنی بەرنامەکەیان ڕاگرت بەهۆی لێدوانەکانی پێشکەشکارەکە لەبارەی بکوژی چارلی کێرک.
پێشتر، سینکلێر ڕایگەیاندبوو، کیمێڵ دەگەڕێنێتەوە بۆ وێستگەکانی (ABC)ـی سەر بە خۆی، بەمەش لە هەڵوێستی پێشووی پاشگەز بووەوە. (ABC) پەخشی بەرنامەکەی لە 17ی ئەیلوولدا ڕاگرتبوو پێش ئەوەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بیگێڕێتەوە، تێیدا ڕێژەی بینەرێکی پێوانەیی بەدەستهێنا، سەرەڕای پچڕانی پەخشەکە بەهۆی سینکلێر-نێکستارەوە.
گەڕانەوەی بەرنامەی (Jimmy Kimmel Live!) بە سەرکەوتنێک بۆ کۆمپانیای دیزنی و تۆڕی (ABC) دادەنرێت کە ڕووبەڕووی ڕەخنەی تووند بوونەوە بەهۆی ملکەچکردنیان بۆ فشاری ئیدارەی ترەمپ بۆ پەراوێزخستنی کیمێڵ. دیزنی ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی و هەڕەشەی بینەرانی بووەوە بۆ بایکۆتکردنی خزمەتگوزارییەکانی، جگە لە ڕەخنەگرتنی لەلایەن سەندیکا و لایەنەکانی هۆڵیودەوە، بەو پێیەی کە بەرگری لە مافەکانی هەموارکردنی یەکەم ناکات.

