رۆژی دووشەممە، 29ی ئەیلوولی 2025، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لە یادی شکۆداری ڕیفراندۆمدا، لە ڕێوڕەسمێکدا خەڵاتی مەهاباد قەرەداغی بۆ ئافرەتی خوێنەر و ڕۆشنبیر ڕاگەیاند.
خەڵاتەکە بە ئامانجی هاندان و پەرەپێدانی خوێندنەوە و خۆڕۆشنبیرکردن لەنێو ئافرەتاندا، لەسەر ناوی نووسەر و چالاکوانی ئافرەتان، مەهاباد قەرەداغی دانراوە.
ڕێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە دیارەکان بەڕێوەچوو، لەوانە د. هێمن هەورامی و ئامینە زکری، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەروەها د. زانا مەلا خالید، بەرپرسی لقی دووی پارتی و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسانی حزبی و حکومی و کارگێڕانی لق و ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتانی چالاک.
لەمیانەی ڕاگەیاندنی خەڵاتەکەدا، پێشبڕکێیەکیش بۆ خوێنەرانی کتێبی “بۆ مێژوو”ی سەرۆک بارزانی ئەنجامدرا، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ زیاتر ئاشناکردنی ئافرەتان بە مێژوو و قۆناغە گرنگەکانی گەلی کوردستان.
ناونانی خەڵاتەکە بە ناوی “مەهاباد قەرەداغی” گرنگییەکی تایبەتی هەیە. مەهاباد قەرەداغی (1966 – 2020) نووسەر، شاعیر، وەرگێڕ و چالاکوانێکی دیاری بواری مافەکانی ئافرەتان و یەکسانی جێندەری بوو. ئەو بە درێژایی ژیانی، چ لە ڕێگەی نووسینەکانیەوە و چ لە ڕێگەی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانیەوە، هەوڵێکی زۆری بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ئافرەت لە کۆمەڵگادا دا. بەرهەمەکانی مەهاباد قەرەداغی، کە بریتین لە شیعر، چیرۆک، وەرگێڕان و وتار، بەردەوام تیشکیان خستووەتە سەر کێشەکانی ئافرەتان، گرنگیی پەروەردە و ڕۆشنبیری، و پێویستیی بەشداریی کارای ئافرەتان لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا.
ڕاگەیاندنی ئەم خەڵاتە لەلایەن یەکێتی ئافرەتانی کوردستانەوە، جگە لەوەی هاندانێکە بۆ خوێندنەوە، لە هەمان کاتدا ڕێزگرتنێکیشە لە خەبات و ماندووبوونی مەهاباد قەرەداغی وەک هێمایەکی ئافرەتی ڕۆشنبیر و پێشەنگ لە کۆمەڵگای کوردیدا.

