رۆژی دووشەممە، بەشی ڕۆشنبیری منداڵانی سلێمانی، سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، بە هاوکاری نەخۆشخانەی ئاسیای نێودەوڵەتی، چالاکییەکی پەروەردەیی، ڕۆشنبیری و هونەری بۆ پێشوازی قوتابیانی پۆلی یەکی قوتابخانەی “ئەزمەڕی بنەڕەتی” ئەنجامدا.
چالاکییەکە بە مەبەستی پێشوازیکردن و دڵخۆشکردنی قوتابییە نوێیەکان ڕێکخرابوو.
دوابەدوای تەواوبوونی، لە لایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە سوپاس و پێزانینی قوتابخانە ئاراستەی هەریەک لە بەشی ڕۆشنبیری منداڵانی سلێمانی و نەخۆشخانەی ئاسیای نێودەوڵەتی کرا لە بەرامبەر بەشداری و پاڵپشتییان.
لەکۆتاییدا، دیاری تایبەت پێشکەش بە 100 قوتابی پۆلی یەک و ژمارەیەک لە قوتابیانی پەروەردەی تایبەت کرا، کە لەلایەن نەخۆشخانەی ئاسیای نێودەوڵەتییەوە ئامادە کرابوون.

