جیهانی زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان چەندین هەواڵی نوێی بەخۆیەوە بینی. لە لایەکەوە، نێتفلیکس یەکەم تیزەری وەرزی پێنجەمی زنجیرەی بەناوبانگی “Emily in Paris”ی بڵاوکردەوە، تێیدا دەردەکەوێت ئیمیلی کوپەر (لیلی کۆڵینز) ماڵئاوایی لە پاریس دەکات و بەرەو سەرکێشییەکی نوێ لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێدەکەوێت.
دارین ستار، داهێنەری زنجیرەکە، ڕایگەیاند، هەرچەندە ڕووداوەکان دەچنە ڕۆما، بەڵام پاریس هێشتا وەک بەشێکی سەرەکی لە چیرۆکەکەدا دەمێنێتەوە.
لە لایەکی ترەوە، ئەکتەری بەتوانا و براوەی خەڵاتی ئیمی، مورای بارتلێت، بە فەرمی پەیوەندی بە کاستی زنجیرەی نوێی “All The Sinners Bleed”ەوە کرد.
ئەو زنجیرەیە کە لە ڕۆمانێکی ئێس. ئەی. کۆزبی وەرگیراوە، باس لە چیرۆکی یەکەم ئەفسەری پۆلیسی ڕەشپێست دەکات لە شارۆچکەیەکی بچووکدا کە ڕووبەڕووی بکوژێکی زنجیرەیی ترسناک دەبێتەوە. بارتلێت شانبەشانی ئەکتەرانی وەک سوب دیریسو، جۆن دۆگلاس تۆمپسۆن، و نیکۆڵ بێهاری ڕۆڵ دەگێڕێت.

