رۆژی سێشەممە، بە ئامادەبوونی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسانی حکومی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەمڕۆ لە هەولێر ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، لە ڕێوڕەسمێکدا، ئاکارنامەیەکی سەبارەت بە پرسی خانمان لە میدیادا ڕاگەیاند.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا، د. خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان پوختەیەکی لە بارەی هەوڵەکانیان بۆ باشترکردنی ژینگەی کارکردنی خانمان و پاراستنیان لە هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی و ڕێکارەکانی بەرگریکردن لە مافی خانمان خستەڕوو.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا باسی لە هەنگاوەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە پێناو سنووردارکردن و بنبڕکردنی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانی دژ بە خانمان کرد.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، پوختەیەک لە بارەی ئاکارنامەی میدیایی تایبەت بە چۆنێتی ڕووماڵکردنی پرسەکانی توندوتیژی خێزانی و خانمان خرایەڕوو.
لە کۆتاییدا، سوپاسنامەی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان پێشکەش بە ژمارەیەک لەو کەسایەتییانە کرا، کە ڕۆڵیان هەبووە لە ئامادەکردنی ئاکارنامەکە.

