zagros news agency

وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پەیامێک ئاراستەی ڕۆشنبیران و ناوەندە کولتووری و زانستییەکان دەکات

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی سیاسەتی کولتووریی لە هەرێمی کوردستاندا پەیامێکی ئاراستەی ڕۆشنبیر و نووسەر و ئەکادیمییەکانی کوردستان کرد.

رۆژی یەکشەممە، لە چوارچێوەی کارەکانی دووەم ڕۆژی یەکەم دیداری زانستیی “سیاسەتی کولتووری”، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان لە وتەیەکدا، ڕایگەیاند، وەزارەت چاوەڕوانی کارابوونی پەرلەمانی کوردستان دەکات، بۆ ئەوەی پەرلەمان پڕۆژەیاسای سیاسەتی کولتووری لە هەرێمی کوردستان بخاتە کارنامەی کارییەوە و وەک یاسا پەسندی بکات.

گوتیشی: پڕۆژەکە، هێشتا لە قۆناغی داڕشتنەوەدایە و پێویستیی بە ڕا و شارەزایی و ئەزموون و پێشنیازی دڵسۆزان و  خەمخۆرانی سیاسەتی کولتوورییە لە کوردستاندا بۆ ئەوەی کامڵ بکرێت.

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان بانگەوازی کرد، هەر کەس و ناوەندێکی کولتووری و زانستیی لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان، پێشنیاز و بۆچوونێکی هەیە بۆ دەوڵەمەندکردنی پڕۆژەکە، ئاراستەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی بکات، بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: لە وەزارەتدا لیژنەیەکی تایبەتمەند بە داڕشتنی پڕۆژەی سیاسەتی کولتووری لە ئەرکدایە و هەر پێشنیاز و ڕاسپاردە و بۆچوونێک ئاراستەی وەزارەت بکرێت، دەخرێتە بەردەست ئەو لیژنەیە بۆ لەبەرچاوگرتن و جێکردنەوەی لە پڕۆژەکەدا.

پڕۆژەی سیاسەتی کولتووری لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، لە کۆتایی کابینەی هەشتەمدا کاری سەرەتایی لە بارەوە کرابوو و لە کابینەی نۆیەمدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان لیژنەیەکی تایبەتمەندی ڕاسپارد بۆ تەواوکردنی کارەکانی و بە هۆی کارانەبوونی پەرلەمانی کوردستانەوە، نەتوانراوە لە ڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پڕۆژەکە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.

رۆژی شەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2025، بە چاودێری و ئامادەبوونی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەم دیداری زانستیی سیاسەتی کولتووری لە شاری سلێمانی دەستی پێکرد و ئەمڕۆ دووەم ڕۆژی کارەکانی بە وتارێکی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان کۆتایی پێهێنا و بڕیار وایە ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسەکە کاریان لەسەر بکرێت لە پێناو گەشەپێدان و پێشخستنی ناوەڕۆکی پڕۆژەی سیاسەتی کولتووری لە وەزارەت.

هەواڵی پەیوەندیدار

داهاتی فیلمی “The Beekeeper” لە سینەماکاندا

ART

ئەنجلینا جولی بە دەست چوونە دەرەوەی مندالەکانی دەناڵێنێت

ART

پەیامی پیرۆزبایی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک

ART