لە زیادکردنێکی ئاشکرادا، نامەیەکی دەستنووسی خانمە گۆرانیبێژی جیهانی تایلۆر سویفت، کە ساڵانێک پێش ئێستا بۆ لیام پەین، ئەستێرەی کۆچکردووی گرووپی (One Direction)ـی نووسیوە، ئاشکرا کرا و بە بڕی 7,500 پاوەندی ئیستەرلینی فرۆشرا.
فرۆشتنی ئەم نامەیە کاردانەوەی سۆزداریی بەرفراوانی لەنێو هەوادارانی هەردوو هونەرمەنددا دروستکردووە و لایەنێکی شاراوەی پەیوەندیی نێوان ئەو دوو ئەستێرەیەی دەرخستووە.
مێژووی نامەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2017، پێش ئەوەی لیام پەین لە ئاهەنگی (Capital FM Jingle Bell Ball) لە هۆڵی O2 Arenaـی لەندەن بەشداری بکات. لەو کاتەدا گرووپی One Direction چالاکییەکانی وەستاندبوو و ئەندامەکانی سەرقاڵی کاری تاکەکەسی بوون.
سویفت لە نامەکەدا بە دەستنووسی خۆی هانی پەین دەدات و دەنووسێت: “مێژوویەکی کۆنە یەکترمان نەبینیوە.. زۆر بەجۆشم بۆت، تۆ کارێکی باش دەکەیت”.
هەروەها نووسیویەتی: “سەرسامم بە گۆرانیی (Bedroom Floor).. خۆشە لە دوورەوە چاودێریت دەکەم و هەمیشە هاندەرت دەبم.. بەختێکی باش بۆ ئەمشەو.”
وردەکاریی زیادکردنەکە
نامەکە لەلایەن خانەی زیادکردنی (Omega Auctions)ـەوە خرایەڕوو، کە پێشتر لەلایەن کەسێکی نزیکی پەینەوە پارێزرابوو. هەرچەندە بەهاکەی لە نێوان 4,900 بۆ 11,000 پاوەند مەزندە دەکرا، دواجار بە 7,500 پاوەند (نزیکەی 9 هەزار و 500 دۆلار) فرۆشرا.
بڵاوبوونەوەی وێنەی نامەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە جێگەی سەرنج، یەکێک لە هەواداران نووسیویەتی: “نەمدەزانی پێشتر پەیوەندییان هەبووە.. ئەمە دەریدەخات هەرگیز نازانین لە پشت پەردەوە چی ڕوودەدات.”

