نیکۆڵ کیدمان و بیۆنسێ سەرپەرشتی گەورەترین ئاهەنگی فاشنی جیهان دەکەن
لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ ساڵی ٢٠٢٦، ئەستێرەی سینەمایی نیکۆڵ کیدمان وەک یەکێک لە سەرکردە سەرەکییەکانی ئاهەنگی “مێت گالا – Met Gala” دەستنیشان کرا، ئەمەش وەک گەڕانەوەیەکی بەهێزی ناوبراو دادەنرێت بۆ نێو دونیای مۆدە و فاشن.
کیدمینی تەمەن ٥٨ ساڵ، شانبەشانی خانمە گۆرانیبێژ بیۆنسێ و ئەستێرەی تێنیس ڤینۆس ویلیامز، سەرپەرشتی ئاهەنگەکە دەکەن کە بڕیارە لە ٤ـی ئایاری ٢٠٢٦ لە مۆزەخانەی میترۆپۆلیتان لە نیویۆرک بەڕێوە بچێت.
ئەمە یەکەمجار نییە کیدمان ئەو ئەرکە وەردەگرێت، بەڵکو لە ساڵانی ٢٠٠٣ و ٢٠٠٥ـیش سەرۆکایەتی ئاهەنگەکەی کردووە. هاوکات بیۆنسێ دوای دابڕانێکی دە ساڵە (لە ٢٠١٦ـەوە) دەگەڕێتەوە بۆ ئەم بۆنەیە.
ڕۆڵی ئەم ئەستێرانە تەنها ڕۆیشتن نییە بەسەر فەرشی سووردا، بەڵکو بەشداری دەکەن لە دیاریکردنی میوانەکان و داڕشتنی دیدگای هونەریی پێشانگاکە کە ئەمساڵ ناوی “هونەری جلوبەرگ”ـی لێ نراوە.

