zagros news agency

سێیەمین فیستیڤاڵی ڕامان لە هەولێر ڕۆشنبیرانی کۆکردەوە

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ـی ١٢ـی ٢٠٢٥ لە هەولێری پایتەخت و لە کەشێکی مەعریفی و ئەدەبیی پڕ لە شکۆدا، سێیەمین فیستیڤاڵی ڕامان دەستیپێکرد. 

فیستیڤاڵەکە بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئاریان سەڵاحەدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و، ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران، ئەدیبان، شاعیران و ڕۆشنبیرانی هەر چوار پارچەی کوردستان (باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا) و میوانانی ئەوروپا و وڵاتانی دراوسێ، پەردەی لەسەر چالاکییەکانی لابرد.

سەرەتای فیستیڤاڵەکە بە مارشی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” و وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەست پێ کرد، کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی ئاڵای کوردستان.

پاشان ئازاد عەبدولواحید، سەرپەرشتیاری فیستیڤاڵ، لە گوتاری دەستپێکدا بەخێرهاتنی میوانانی کرد و ئامانجی فیستیڤاڵەکەی خستەڕوو.

دواتر، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، لە گوتارێکدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی “گۆڤاری ڕامان” وەک دامەزراوەیەکی مەعریفی و ڕایگەیاند: “گرنگیی ئەم فیستیڤاڵە لەوەدایە کە گۆڤارێکی ئەدەبیی وەک ڕامان، توانای ئەوەی هەیە هەمووان، بە جیاوازیی بیروڕاوە، لەسەر سفرەی ڕەنگینی نیشتمان کۆبکاتەوە.”

بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، هەروەها جەختی لەسەر تایتڵی سەرەکیی فیستیڤاڵەکە کردەوە کە تایبەتە بە “ناسنامەی کوردی لە سەردەمی دیجیتاڵ”دا، بەتایبەت چۆنیەتی پاراستنی ناسنامەی کوردی لەبەردەم شەپۆلی تەکنەلۆژیا و جیهانگیریدا.

پاشان فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەسەر “ناسنامە لە سەردەمی دیجیتاڵیدا” نمایش کرا کە قوڵایی بابەتەکەی بۆ ئامادەبووان شیکردەوە. 

هاوکات لە بڕگەیەکی وەفادارییدا، ڕێزلێنان پێشکەش بە (پ. د. حەمید عەزیز)، نووسەری دیاری کورد کرا، وەک پێزانینێک بۆ ساڵانێک خزمەت لە بواری هزر و فەلسەفەدا.

لە دیمەنێکی ناوازەی پێکەوەژیان و دیالۆگی کولتووریدا، چوار شاعیر لە چوار نەتەوەی جیاوازەوە سەکۆی فیستیڤاڵیان ڕازاندەوە:

* د. بەدرخان سندی (کورد – دهۆک)

* عەبیر ئەلسامرائی (عەرەب – تکریت)

* هرمز عەلیپوور (فارس – تاران) 

* عاکیف کورتولوش (تورک – ئیستەنبوڵ)

بە دەنگی هونەرمەندان (ئەسلیکا قادر لە یەریڤان و حەسەن گەرمیانی) بڕگەیەکی هونەری کوردی بەڕێوەچوو، دواتریش ئامادەبووان بەشداریان کرد لە پێشانگەی فۆتۆگرافیی “پۆلیک ئەستێرەی ڕژاو” لەلایەن (چاوان بەختیار و هێما سالار).

پانێڵە زانستییەکان بەشێکی گرنگی بڕگەکانی ڕۆژی یەکەمی سێیەمین فیستیڤاڵی ڕامان بوو، بەم شێوەیە: 

پانێڵی یەکەم: (ناسنامەی کوردی و ئایین – مێژوو – پێكەوەژیان) لەلایەن (هەتاو هەمەوەندی) بەڕێوەدەبرا هەریەک لە، پانێڵیستەکان شرۆڤەی وردیان بۆ پەیوەندیی ئایین و نەتەوە کرد: ئەبووبەکر کاروانی باسی لە “نەتەوایەتی و ئیسلام” کرد وەک دوو ڕەهەندی تەواوکەری ناسنامەی نیشتمانی، نەک دژ بە یەک.

د. حەیدەر لەشکری تیشکی خستە سەر خوێندنەوەی مێژوو و ڕەچەڵەک لە یادەوەریی کوردیدا لە سەردەمی دیجیتاڵ.

داوود موراد خەتاری بە وردی باسی لەو پیلان و هەوڵانە کرد کە نەیاران بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردی بەکاریان هێناوە.

پانێڵی دووەم: (ناسنامەی کوردی و جوگرافیا – زمان – ئەدەبیات)

پانێڵەکە لەلایەن (د. نەفیسە حاجی)، ئەم پانێڵە ڕەهەندە جوگرافی و زمانییەکانی ناسنامەی تاوتوێ کرد:

هەژار شامیلۆڤ لە ئازەربایجانەوە، دەرگای گفتوگۆی لەسەر ناسنامەی کوردانی قەفقاسیا و کاریگەریی سیاسەتی سۆڤیەتی پێشوو کردەوە.

د. شوکریە حەمەغەفوور جەختی لەوە کردەوە کە “زمان و ئەدەبیات” کۆڵەکەی سەرەکیی مانەوەی ناسنامەی هەر نەتەوەیەکن.

ئیرەج (ئاوات) ئەحمەدی لە سنەوە، لێکدانەوەی بۆ پەیوەندیی نێوان “ژینمەندی و ناسنامە” لە ڕۆمانی کوردیدا خستەڕوو.

هەواڵی پەیوەندیدار

براد پیت و دەیڤد فینچەر لە فیلمێکی نوێدا کۆدەبنەوە

ART

بەشی موزیكی پەیمانگەی هونەرە جوانەكان كۆنسێرتێكی سازکرد

ART

داهاتی “Bob Marley: One Love” لە سینەماکانی جیهاندا

ART