zagros news agency

لە سعوودییە بەفرێکی چاک باریوە

 

بۆ یەکەمجار لەم وەرزەی زستاندا، شەپۆلێکی سەرما رووی لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای شانشینی سعودیە کرد و بەهۆیەوە چیای بەناوبانگی “ئەللوز” (Jabal al-Lawz) بە بەرگێکی سپی لە بەفر داپۆشرا، ئەمەش دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی لە ناوچە بیابانییەکەدا دروستکردووە.

 

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی بەفربارینەکە، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی سعودیە و گەشتیارانی ناوچەکە روویان لە پارێزگای “تەبوک” و دەوروبەری چیاکە کردووە. گەشتیاران بۆ بینینی ئەو دیمەنە دەگمەنە، ئۆتۆمبێلەکانیان لە دامێنی چیاکە ڕاگرتووە و دەستیان بە گرتنی وێنەی یادگاری و ئاهەنگگێڕان کردووە.

 

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سعودیە و جیهانی عەرەبی پڕ بوون لە ڤیدیۆ و وێنەی چیاکە کە تێیدا دەرکەوتووە بیابانە وشکەکە بووەتە تابڵۆیەکی سپی و خەڵکی بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازی لەم کەشوهەوایە دەکەن.

 

چیای ئەللوز کە بەرزییەکەی دەگاتە ٢٥٤٩ مەتر (٨٣٦٣ پێ) لە ئاستی رووی دەریاوە، دەکەوێتە نزیک سنووری ئوردن لە ناوچەی تەبوک. ناوی چیاکە لەوەوە هاتووە کە لە کۆندا ژمارەیەکی زۆر دار بەادەم (Almond)ـی تێدا بووە.

 

ساڵانە لەم وەرزەدا، کاتێک شەپۆلی سەرمای جەمسەری روو لە ناوچەکە دەکات، پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر دادەبەزن و بەفر لوتکەی چیاکە دادەپۆشێت. ئەم دیاردەیە بە یەکێک لە سەنجڕاکێشترین رووداوە کەشناسییەکان دادەنرێت لە وڵاتێکدا کە زیاتر بە کەشوهەوای گەرم و بیابانی ناسراوە.

 

دەستەی کەشناسی سعودیە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەری هەیە شەپۆلی سەرماکە بۆ چەند ڕۆژێکی دیکە بەردەوام بێت و داوای لە هاووڵاتیان کردووە کە لە کاتی سەردانیکردنی ناوچە شاخاوییەکاندا وریا بن، بەهۆی ئەوەی ڕێگاوبانەکان بەهۆی بەفر و سەهۆڵبەندانەوە مەترسیدار دەبن.

 

ئەم دیمەنە دڵڕفێنە وایکردووە کە ناوچەی تەبوک ببێتە یەکێک لە گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکانی سعودیە لە وەرزی زستاندا.

هەواڵی پەیوەندیدار

بوومەلەرزەیەک بەهێز لە ژاپۆن ڕوویدا

سەڵاح

مەسروور بارزانی لەسەر قەڵای هەولێر: بە خۆڕاگریی گەلەکەمان بەرەو ئاسۆیەکی ڕووناکتر هەنگاو دەنێین

یاسین

د. شەهرام عەلی کەژۆ بۆ زاگرۆس: پاراستن و بەهێزکردنی ڕۆڵی کوردستان یەکسانە بەپاراستنی ئاسایشی ئابووری و ستراتیژیی هەموو عێراقە

سەڵاح