جەیمس کامیرۆن، دەرهێنەری جیهانی، ڕایگەیاند کە پلانی هەیە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساز بکات بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی بەشی چوارەم و پێنجەمی فیلمی (Avatar)، بەڵام ئەمە تەنیا لەو کاتەدا دەبێت ئەگەر زنجیرەکە دوای بەشی سێیەم بوەستێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (Variety)، کامیرۆن ئاماژەی بەوە کردووە کە بەردەوامبوونی پڕۆژە زەبەلاحەکەی ئافاتار بەندە بە سەرکەوتنی دارایی فیلمی ئێستا (Avatar: Fire and Ash).
کامیرۆن گوتی: “ئەگەر نەمانتوانی بەشی چوارەم و پێنجەم بەرهەم بهێنین، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دەگرم و پێتان دەڵێم چیمان لە مێشکدا بوو بۆ چیرۆکەکە”.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە بەشی سێیەمی فیلمەکە لە سینەماکان نمایش دەکرێت و دەرهێنەرەکە دەیەوێت دڵنیایی بداتەوە لەوەی کە هەوڵەکانی بۆ تەواوکردنی ئەم مەلەکوتە سینەماییە بەردەوام دەبێت.

