دەرهێنەری ناوداری جیهانی، کوێنتین تارانتینۆ، لە ڕێگەی سینەماکەی خۆیەوە لە لۆس ئەنجلۆس “New Beverly Cinema”، هەڵمەتێکی نوێ بۆ ڕێزلێنان لە مێژووی سینەما دەستپێدەکات.
تارانتینۆ کە خاوەنی فیلمی “Once Upon a Time in Hollywood”ـە، لە ساڵی 2007ـەوە خاوەندارێتی ئەم سینەمایە دەکات و بڕیارە وەرزێکی تایبەت بۆ نمایشکردنی ئەو فیلمانە تەرخان بکات کە مێژووی ئەم شوێنەیان دروستکردووە، بەتایبەت فیلمەکانی ساڵانی حەفتاکان. تارانتینۆ لە ساڵی 2014ـەوە خۆی وەک بەڕێوەبەری بەرنامەکان کار دەکات و بەردەوام هەوڵیداوە سینەما کلاسیکییەکە وەک ناوەندێکی ڕەسەن بهێڵێتەوە.
تارانتینۆ خەریکی پڕۆژەیەکی نوێیە بۆ پلاتفۆرمی نێتفلێکس بە ناوی“The Adventures of Cliff Booth”، کە درێژەپێدەری چیرۆکی فیلمی “Once Upon a Time in Hollywood”ـە.
ئەمجارە تارانتینۆ تەنیا نووسەری پڕۆژەکەیە و ئەرکی دەرهێنانەکەی سپاردووە بە دەیڤید فینچەر. براد پیت جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ بەرجەستەکردنی کارەکتەری کلیف بۆس.
تارانتینۆ ئاماژەی بەوە کردووە، متمانەیەکی زۆری بە فینچەر هەیە و لەو بڕوایەدایە ئەو دەتوانێت بە باشترین شێوە کارەکتەرەکانی ئەو بخاتە سەر شاشە، ئەمەش وەک ڕێزێک بۆ شێوازە هونەرییەکەی فینچەر لەقەڵەم دەدرێت.

