فیلمی ((One Battle After Another لە دەرهێنانی پۆڵ تۆماس ئەندەرسۆن، توانی ببێتە براوەی گەورەی ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئەکادیمیای بەریتانی بۆ فیلم (BAFTA)، کە شەوی ڕابردوو لە لەندەن بەڕێوەچوو.
فیلمەکە لە چەشنی کۆمیدیای ڕەشی جووڵاوە، توانی خەڵاتی باشترین فیلمی ساڵ بەدەستبهێنێت. جگە لەوەش، ئەندەرسۆن خەڵاتی باشترین دەرهێنەری بردەوە، و فیلمەکە چەندین خەڵاتی دیکەی گرنگی وەک باشترین سیناریۆی وەرگیراو، باشترین وێنەگرتن، باشترین مۆنتاژ و باشترین ئەکتەری یاریدەدەری بۆ شۆن پێین مسۆگەر کرد. ئەندەرسۆن لە وتەیەکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئیلهامی لە وتەیەکی گۆرانیبێژ نینا سیمۆن وەرگرتووە کە دەڵێت: “ئازادی واتە نەبوونی ترس“.
لە بەشی نواندندا، ڕۆبێرت ئارامایۆ بۆ ڕۆڵەکەی لە فیلمی (I Swear) خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی بردەوە، تێیدا ڕۆڵی چالاکوانێکی تووشبوو بە نیشانەکانی (تۆرێت) دەگێڕێت.
ئارامایۆ توانی کێبڕکێیەکە لە ئەستێرە گەورەکانی وەک لیۆناردو دی کاپریۆ و تیمۆسی شالامێ بباتەوە. هەروەها جێسی باکلی خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی ژنی بۆ فیلمی (Hamnet) پێبەخشرا، کە هەر هەمان فیلم نازناوی باشترین فیلمی بەریتانیشی بردەوە.
فیلمی (Sinners) توانی سێ خەڵات بباتەوە، لەوانە باشترین سیناریۆی ڕەسەن و باشترین ئەکتەری یاریدەدەری ژن بۆ وۆنمی مۆساکۆ.
ئاهەنگەکە بە ئامادەبوونی شازادە ویلیام و کایت میدڵتۆن وەک میوانی شانازی و بە پێشکەشکاری ئالان کۆمینگ، شکۆیەکی تایبەتی بەخۆیەوە بینی. چاودێران پێیان وایە ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی فیلمی “One Battle After Another” ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ درەوشانەوەی زیاتری ئەم فیلمە لە کێبڕکێی خەڵاتەکانی ئۆسکاری داهاتوودا.

