دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی و گۆڤاری زمان و زار، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، بڕیاری هەڵپەساردنی “دیداری زانستی زمانی دایک”یان بۆ کاتێکی نادیار ڕاگەیاند، کە بڕیاربوو لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێت.
بەپێی زانیارییەکانی ناو ڕاگەیەندراوەکە، بڕیار وابوو ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتی 1-ی نیسانی 2026، دیداری زانستی زمانی دایک بە بەشداری دەستەبژێرێک لە توێژەرانی زمانی کوردی لە هەولێری پایتەخت سازبکرێت، بەڵام بەهۆی ئەو ڕەوشە ناسەقامگیرەی کە لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە هاتوەتە پێش، دەستەی بەڕێوەبەری دیدارەکە بڕیاری دواخستنی چالاکییەکەیان داوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “لەپێناو سەلامەتیی بەشداربووان و بەڕێوەچوونی کارەکانی دیدارەکە لە کەشێکی هێمن و لەبارتردا، بڕیارمان دا بە دواخستنی دیدارەکە بۆ کاتێکی گونجاوتر.”
سەبارەت بە بەرهەمی توێژەران و ناوەڕۆکی دیدارەکە، ڕێکخەرانی دیدارەکە دڵنیایی دەدەنە توێژەران کە ماندووبوونیان بەفیڕۆ ناچێت. ئاماژە بەوە کراوە کە گشت توێژینەوەکان لە دووتوێی کتێبێکی شایستەدا ئامادەی چاپن و مافی بڵاوکردنەوەیان لای “دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی” و گۆڤاری زمان و زار پارێزراو دەبێت.
ئەم دیدارە یەکێک بوو لە چالاکییە زانستییە چاوەڕوانکراوەکان بۆ ساڵی 2026 لە بواری زمانی کوردیدا، بەڵام هەلومەرجی ئەمنی و سیاسی ناوچەکە بووەتە ڕێگر لەوەی لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت. تا ئێستا هیچ وادەیەکی نوێ بۆ سازکردنی دیدارەکە دەستنیشان نەکراوە.

