هەردوو دەرهێنەر مات بێتینێلی و تایلەر جیلێت بە بەرهەمێکی نوێ دەگەڕێنەوە بۆ جیهانی ترس و کۆمیدیا لە ڕێگەی فیلمی “Ready or Not 2: Here I Come”. ئەم فیلمە هەر ئێستا لە سینەماکانی میسر نمایش دەکرێت و توانیویەتی داهاتەکەی بگەیەنێتە نزیکەی 40 ملیۆن دۆلار.
دەرهێنەرانی فیلمەکە ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، تەنیا نەیانویستووە سەرکەوتنی بەشی یەکەم دووبارە بکەنەوە، بەڵکو دەیانەوێت جیهانی ئەم فیلمە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو فراوان بکەن.
ئەوان لەو بڕوایەدان، بەشی دووەم هاوسەنگییەکی تەواو لە نێوان ترسی خوێناوی و کۆمیدیای ڕەشدا دروست دەکات کە بینەران بەردەوام چاوەڕێی دەکەن.
چیرۆکی فیلمی “Ready or Not 2: Here I Come” باس لە دوو خوشک دەکات کە سامارا ویڤینگ و کاترین نیوتن ڕۆڵیان دەگێڕن و دەکەونە ناو ململانێیەکی خوێناوی لەگەڵ چوار خێزانی ڕکابەر.
سامارا ویڤینگ ڕایگەیاند، هەر جارێک کە وا دەزانین گەیشتووینەتە ئەوپەڕی شێتی لە سیناریۆکەدا، تیمەکە بیرۆکەیەکی دیکەی توندتر و سەیرتر پێشکەش دەکەن.
فیلمەکە بەردەوامە لە نیشاندانی دیمەنی ترسناک کە بینەر دەخاتە ناو دڵەڕاوکێوە. سارا میشێل گێلار و ئەلایجا وود لە نێو ئەو ئەکتەرە ناسراوانەن کە لەم بەشەدا بەشدارن.
هەر ئێستا ڕەخنەگران چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە ئایا ئەم فیلمە دەتوانێت سەرکەوتنی “Ready or Not” تێپەڕێنێت یان تەنیا وەک درێژکراوەیەکی ئاسایی دەمێنێتەوە، بەڵام ئامارەکانی فرۆش نیشانی دەدەن کە بینەران بەردەوامن لە پێشوازیکردن لەم جۆرە فیلمانە.

