ڕۆژی دووشەممە 11ـی 5ـی 2026 لە شاری سلێمانی، گۆڤاری (هەردەم) کۆڕێکی گفتوگۆ ئامێزی بۆ نووسەر، هاوژین مەلا ئەمین، لە ژێر ناونیشانی (ڕۆڵی ڕۆشنگەر لە کۆمەڵگەی کوردستاندا) بەڕێوەبرد.
کۆڕەکە بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک و ژمارەیەک لە ئەندامانی بەش و ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران و ڕۆشنبیران و ڕووناکبیرانی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، تێیدا هاوژین مەلا ئەمین باسی لەوە کرد کە پێویستە ڕۆشنگەر وەک کارەکتەرێکی کاریگەر، ڕۆڵی هەبێت لە هۆشیارکردنەوەی جەماوەر و ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگە بەرەو عەقڵانییەت و بونیادنانی ناسنامەیەکی نیشتمانیی سەردەمیانە.
ئامادەبووان بە سەرنج و پرسیارەکانیان دەوڵەمەندییان بە کۆڕەکە بەخشی و جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی ئەم جۆرە دیدارە فیکرییانە کردەوە بۆ زیندووڕاگرتنی کایەی ڕۆشنبیری لە شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان بە گشتی.
لە کۆتایی کۆڕەکەدا، خەڵاتی ڕێزلێنان لەلایەن شیلان زەنگەنە سەرنووسەری گۆڤاری هەردەم پێشکەش بە هاوژین مەلا ئەمین کرا.

