یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، وەک وەفایەک بۆ مێژووی پڕ لە قوربانیدانی ئافرەتی کورد، پڕۆژەی دروستکردنی پەیکەری (ئازادی نیشتیمان) بۆ شەهید لەیلا قاسم لە شاری خانەقین رادەگەیێنێت. کارگێڕێکی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتییەکەش دەڵێت: “ئەم پەیکەرە پەیامێکی ڕوونە بۆ دووپاتکردنەوەی ناسنامەی کوردستانیبوونی خانەقین.”
لیا سەیفەدین، کارگێڕی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەوالی زاگرۆس سەبارەت بە گرنگیی ئەم پڕۆژەیە و هەڵبژاردنی شوێنەکەی ڕایگەیاند: “خانەقین تەنیا شارێکی سەر نەخشەی کوردستان نییە، بەڵکو زێدی لەدایکبوون و پێگەیشتنی شەهید لەیلا قاسمە. هەڵبژاردنی ئەم شارە بۆ بە ئەنجامگەیاندنی پڕۆژەکە، پەیامێکی ڕوون و ڕەوانە بۆ بەستنەوەی نەوەی نوێ بە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی خۆیان و دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاستییەی کە خانەقین هەمیشە لانکەی قارەمانان و بەشێکی دانەبڕاو بووە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان.”
“لەیلا قاسم؛ وەرچەرخانێکی مێژوویی”
سەبارەت بە ڕۆڵی شەهید لەیلا قاسم لە مێژووی خەباتی نەتەوەییدا، لیا سەیفەدین ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان،ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو شەهیدە وەرچەرخانێکی گەورەی لە خەباتی ئافرەتی کورددا دروست کردووە. وتیشی: “ئەو سەلماندی کە ئافرەت دەتوانێت لە پێشەوەی سەنگەرەکان و تەنانەت لەسەر سێدارەش داکۆکی لە مافە ڕەواکانی گەلەکەی بکات. کاتێک بە جلی کوردییەوە و بە سروودی (ئەی ڕەقیب) بەرەو سێدارە چوو، بووە هەوێنی شۆڕشێکی فیکری بۆ ئافرەتان تا بزانن ئازادی بەبێ بەشداریی کارای ئەوان بەدی نایەت.”
ئامانجەکانی پڕۆژەکە
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، پڕۆژەکە چەند ئامانجێکی سەرەکی لەپشتە، کە گرنگترینیان بریتین لە:
١. بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی شەهید لەیلا قاسم: وەک یەکەم ئافرەتی شەهیدی سیاسی لە مێژووی عێراق و کوردستاندا کە لەسەر دۆزی نەتەوەکەی لە سێدارە درا.
٢. هۆشیارکردنەوەی نەوەی نوێ: ناساندنی مێژووی قوربانیدانی ئافرەتی کورد بە نەوەی ئێستا، بۆ ئەوەی بزانن دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ بەرهەمی خوێنی تێکۆشەرانە.
٣. سیمبوولسازی: کردنی پەیکەرەکە بە سیمبوولێکی بەردەوامی ئازادی، یەکسانی و نیشتمانپەروەری لە دڵی شاری خانەقیندا.
لیا سەیفەدین لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە دروستکردنی ئەم پەیکەرە کەمترین وەفایە بۆ ئەو مێژووە پڕ لە سەروەرییەی کە شەهید لەیلا قاسم بۆ گەلی کورد جێی هێشتووە.

