zagros news agency

ئەنجێلینا جۆلی ڕاستگۆیانە لەسەر مردن و پەیوەندی لەگەڵ منداڵەکانی دەدوێت

لە نوێترین دەرکەوتنی میدیاییدا کە هاوکاتە لەگەڵ بانگەشەکردن بۆ فیلمە نوێیەکەی بەناوی “Couture”، ئەستێرەی جیهانی ئەنجێلینا جۆلی پەردەی لەسەر چەند لایەنێکی زۆر تایبەتی ژیانی لادا و باسی لە تێڕوانینی خۆی بۆ ژیان، مردن و شێوازی پەیوەندیی لەگەڵ منداڵەکانی کرد.

جۆلی ڕایگەیان، لە هەندێک قۆناغی ژیانیدا بە شێوەیەکی واقیعی بیری لە ئەگەری کۆچی دوایی خۆی کردووەتەوە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد، لە چوارچێوەی ئامادەکردنی دەروونیی منداڵەکانیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داهاتوو، لەگەڵیاندا لەسەر پرسی مردنی خۆی دواوە؛ جەختیشی کردەوە کە ئەم گفتوگۆیانە لە سۆنگەی ترس و دڵەڕاوکێوە نەبوون، بەڵکو بەهۆی تێگەیشتنێکی قووڵەوە بووە بۆ سروشتی ژیان.

گوتیشی: منداڵەکانم سەرچاوەی سەرەکی هێزن بۆم. ئەوان بوونە هاندهەرم بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە سەر کار، گەشت بکەم و ژیانم بە هاوسەنگییەکی زیاترەوە بەڕێ بکەم.

ئەو ئەکتەرە ناسراوە هۆکاری ئەم بیرکردنەوەیەی بۆ مێژووی تەندروستی خێزانەکەی و لەدەستدانی دایکی لە تەمەنێکی گەنجیدا گەڕاندەوە، کە وایکردووە زیاتر هەست بە ناسکی و کاتیبوونی ژیان بکات.

ئەم لێدوانە سەرنجڕاکێشانەی جۆلی هاوکاتن لەگەڵ ڕۆڵەکەی لە فیلمی نوێی نوێیەکە، تێیدا ڕۆڵی دەرهێنەرێک دەگێڕێت ڕووبەڕووی قەیرانێکی تەندروستی ئاڵۆز دەبێتەوە دوای ئەوەی دەستنیشان دەکرێت کە تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە.

ئەم چیرۆکە دراماییە زۆر نێزیکە لە ئەزموونی ڕاستەقینەی خۆی؛ جۆلی پێشتر لە وتارێکدا بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرای کردبوو، نەشتەرگەرییەکی خۆپارێزیی بۆ لادانی مەمک ئەنجامداوە دوای ئەوەی دەرکەوتووە هەڵگری جیناتی (BRAC1)ە، کە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک و هێلکەدان زیاد دەکات.

جۆلی تیشکی خستە سەر ژیانی پیشەیی خۆی و ڕوونی کردەوە کە لە قۆناغێکی ڕابردوودا لە نواندن دوورکەوتبووەوە تا کاتی خۆی بۆ دەرهێنان و کارە مرۆییەکان تەرخان بکات، بەڵام دواتر بە ڕۆڵی زۆر بژاردە و ورد گەڕایەوە، بە جۆرێک کە بتوانێت هاوسەنگی لە نێوان بەرپرسیارێتی دایکایەتی و کارە هونەرییەکانیدا دروست بکات.

فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر ژیانی سێ ژن کە چیرۆکەکانیان لە خاڵێکی هەستیاردا یەکدەبڕێت و بەهۆی نەخۆشی، کار و بارودۆخی ئاڵۆزی کەسییەوە کۆدەبنەوە.

بە گوتەی دەرهێنەری فیلمەکە ئالیس وینۆکۆر، کارەکە چەمکی “ڕزگاربوونی هاوبەش” و هێزی پشتگیریی نێوان ژنان پیشان دەدات.

دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٥ لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی وەک تۆرۆنتۆ، سان سێباستیان و ڕۆما نمایشکرا، بڕیارە لە ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بە فەرمی لە سینەماکانی ئەمریکا و جیهان نمایشبکرێت و دواتریش بخرێتە سەر پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئێران هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات              

سەڵاح

ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە بەردەوامبوون لە چاکسازیکردن و ڕێکخستنەوەی کەرتی باج دەکات بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی دادپەروەریی لە پێدانی باجدا

یاسین

‎شوان زراری :ڕیفراندۆم شانازیێكی ئەبەدی و سەروەریێكی مێژووییە

گوران