zagros news agency

جێنیفەر ئانیستۆن بۆ کۆچی دوایی دەرهێنەری “Friends”: وەک باوک بوو

دەنگدانەوەی کۆچی دوایی جەیمس بورۆز، دەرهێنەری زنجیرە درامای بەناوبانگی جیهانی “Friends”، کە لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، لە نێو ناوەندە هونەرییەکاندا بەردەوامە.

ئەستێرە و پاڵەوانی زنجیرەکە، جێنیفەر ئانیستن، لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، هاوخەمی قووڵی خۆی بۆ لەدەستدانی ئەم دەرهێنەرە دەربڕی و نووسیویەتی: “قورسترین شت لە نووسینی ئەمەدا ئەوەیە کە تۆ تەواوی ژیانت بەخشیوە بۆ ئەوەی خەڵک هەست بە خۆشەویستی بکەن، ئێستا وا دیارە مەحاڵە هەموو ئەو خۆشەویستییە لە چەند دێڕێکدا کۆبکەیتەوە”.

ئانیستن لە درێژەی قسەکانیدا هێمای بۆ ئەوە کردووە کە بورۆز پەیوەندییەکی زۆر نزیک و باوکانەی لەگەڵ ستافەکەدا هەبووە و گوتوویەتی: “جەیمس بەردەوام پێی دەگوتین ‘منداڵەکانم — منداڵەکان لەکوێن؟ با ببینین ئایا منداڵەکان دەتوانن نوکتەکە بکەنە مایەی پێکەنین’، ئەو بەڕاستی لە شێوەی باوکێکدا بوو بۆمان”.

زنجیرەی کۆمیدی و ناسراوی “Friends” بۆ یەکەمجار لە ٢٢ی ئەیلوولی ١٩٩٤ پەخشکرا و لە ماوەیەکی کورتدا بووە جێی سەرنجی ملیۆنان بینەر لە سەرانسەری جیهاندا. ئەم بەرهەمە لە پێگەی بەناوبانگی “IMDb” هەڵسەنگاندنێکی بەرزی بەدەستهێناوە کە دەگاتە (8.9).

پەخشی زنجیرەکە دوای نمایشکردنی ١٠ وەرز و لەخۆگرتنی ٢٣٦ ئەڵقە، لە ڕێکەوتی ٦ی ئایاری ٢٠٠٤ کۆتایی هات.

چیرۆکی زنجیرەکە لە دەوری کۆمەڵێک گەنج دەسوڕێتەوە کە لە شاری نیویۆرک دەژین، سەرەڕای تێپەڕینی ساڵانێکی زۆر، هێشتا لە مێشک و یادەوەری زۆرێک لە بینەراندا بە زیندوویی ماوەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

یەکێک لە مەترسیدارترین مافیاکانی ئیتاڵیا له‌ ئیسپانیا دەستگیر كرا

سەڵاح

ئێران دەستی بەسەر کەشتیەکدا گرت کە  دوو ملیۆن لیتری سووتەمەنی قاچاخی پێبووە

سەڵاح

پرێمەرلیگ.. لیڤەرپوول سێ خاڵی گرنگی لەدەستدا

یاسین