ئەکتەری بەریتانی هانا مورای، کە بە رۆڵی جیلی لە زنجیرەی بەناوبانگی “Game of Thrones” دەناسرێت، زانیاری لەبارەی قۆناغێکی زۆر ناخۆشی ژیانی خۆی بڵاوکردەوە.
مورای لە کتێبی یادەوەرییە نوێیەکەیدا بە ناوی “The Make Believe: A Memoir of Magic and Madness” ئاشکرای دەکات، لە 2017دا کەوتووەتە ژێر کاریگەری پیاوێک بە ناوی ستێڤ، کە سەرکردایەتی کۆمەڵەیەکی توندڕەو و گوماناویی کردووە.
ئەو پیاوە کچەکەی قەناعەت پێکردووە کە هێزی شەڕانگێز لە جەستەیدا هەیە، تەنانەت لە کاتی وێنەگرتنی فیلمی “Detroit” کاری جنۆکە دەرکردنی بۆ ئەنجامداوە.
مورای دەڵێت، بەهۆی تێکچوونی باری دەروونییەوە تەنیا باوەڕی بەو قسانە دەکرد و نەیدەتوانی راستییەکان ببینێت.
پزیشکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، ئەو کچە تووشی نەخۆشی دەروونی دوو جەمسەری بووە و پێویستی بە چارەسەرە.
مورای رایگەیاند، کاتێک بڕیاری دا بچێتە نەخۆشخانەی دەروونی، هیچ ترسی نەبووە چونکە بەتەواوی لە جیهانی واقیع دابڕابوو و تووشی جۆرێک لە تێکچوونی مێشک ببوو.
ئەو تەنیا ئێستا لە مەترسییەکە تێدەگات و دەیەوێت بەم چیرۆکە هاوکاری کەسانی دیکە بکات کە لە بارودۆخی هاوشێوەدان.
مورای لەو بڕوایەدایە، بارودۆخی دەروونی و رووخساری راستەقینەی مرۆڤەکان بەردەوام لە دەرەوە وەک خۆی دیار نییە، بۆیە نابێت بە خێرایی بڕیار لەسەر خەڵک بدرێت، چونکە ئالنگارییە دەروونییەکان دەکرێت رووبەڕووی هەر کەسێک ببنەوە بەبێ گوێدانە ئاستی خوێندەواری و خێزانەکەی.

