بەپێی داتاکانی کۆمەڵەی هەناردەکارانی بەرهەمی ماسی و ئاژەڵی دەریایی ئیجە لە تورکیا، عێراق لە ماوەی نێوان 14ـی ئابی 2025 تا 13ـی ئابی 2026 وەک یەکێک لە 10 گەورەترین بازاڕی هەناردەکردنی ئەو کۆمەڵەیە دیاری کراوە.
داتاکان دەریدەخەن کە هەناردەی ئەو کۆمەڵەیە بە ڕێژەی 13.5% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 2 ملیار دۆلار، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەهای هەناردەکراوەکان 1.763 ملیار دۆلار بووە.
لە ڕووی جۆری بەرهەمەکانەوە، بەرهەمە دەریاییەکان نزیکەی 80%ـی کۆی هەناردەکەیان پێک هێناوە کە بەهاکەی 1.596 ملیار دۆلارە. لە نێو ئەو بەرهەمانەدا، ماسی قارووس بە 682 ملیۆن دۆلار لە ڕیزبەندی یەکەمدا بووە، و دوای ئەو ماسی دەنیز بە 524 ملیۆن دۆلار و سەلمۆنی تورکی بە 253 ملیۆن دۆلار دێن.
شایەنی باسە عێراق لەم لیستەیەدا لە پاڵ وڵاتانی وەکو ئیتاڵیا، ڕووسیا، یۆنان، هۆڵەندا، شانشینی یەکگرتوو، ئەمریکا، پۆڵەندا، ئیمارات و ئەڵمانیا وەک یەکێک لە گەورەترین بازاڕەکانی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە ناوی هاتووە.

