ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئاگادارییەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری

بۆ داهات و خەرجیی ئەمساڵ، وەزارەتی دارایی چەند لیست و فۆڕمێك بۆ وەزارەت و فەرمانگەكان دەنێرێت و جەختیش دەكاتەوە، لە ماوەی 30 رۆژدا ئامادە بكرێت و پاشان لە رێگەی لێژنەیەك وەزارەتەكان بەجیا لەبارەی داهات و خەرجی گفتوگۆیان لەگەڵدا دەكرێت.

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە بۆ وەزارەتەكان نێردراوە، داوای كردووە خەرجی و داهات ئامادە بكرێت.

ئاماژە بەوە كراوە، كە لەسەر داوای ئەنجوومەنی وەزیران، بە مەبەستی ئامادەكردنی داهات و خەرجیی خەمڵێندراوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2024، دەبێت لەسەر چەند فۆرم و لیستێك كار بكرێت و زانیارییەكان بدرێنەوە وەزارەتی دارایی.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، كە وەزارەتەكان لەسەر ئاستی (فەسڵ و نەوع و مادە) بۆ خەرجییەكان و لەسەر ئاستی (نەوع و عەدەد و مادە) بۆ داهات كار بكرێت و فۆڕم و خشتەكان پڕ بكرێنەوە.

وەزارەتی دارایی روونی كردووەتەوە، كە هەندێك لە وەزارەتەكان پێویستە دوای ئامادەكردن و گفتوگۆكردنی خەرجی و داهات، لیست و فۆڕم و زانیارییەكان بۆ وەزارەتی دارایی رەوانە بكەن، بۆ پەسندكردنی.

جەختیش كراوەتەوە، كە دەبێـت فۆڕم و خشتەكان بەوردی ئامادە بكرێن، بەتایبەت ئەوانەی تایبەتن بە ژمارەی ئۆتۆمبێل و خانووی موڵك و كرێ و ژمارەی سوودمەندان لەو خەرجییانە.

هەروەها داواش كراوە، كە رەزامەندیی تایبەت بە قەرزی وەزارەتەكان لای فەرمانگەكان و قەرزاریی وەزارەتەكانیش بۆ لایەنەكان روون بكرێتەوە.

لەنێو خشتەكاندا پرسی مووچە و كڕینی پێداویستییەكان و پڕۆژەكانیش خراوەتە ڕوو.

وەزارەتی دارایی بە پێویستی دەزانێـت، بۆ ئەو پرسە لێژنەیەك لەسەر ئاستی وەزارەتەكان و دەستەكان پێكبهێندرێت بۆ، ئامادەكردنی سەرجەم داهات و خەرجییەكان و دوا مۆڵەتیش بۆ گەڕاندنەوەی ئەو فۆڕمانە بۆ وەزاەرتی دارایی 30 رۆژە.

دوای ئەوەی وەزارەتەكان خەرجی و داهاتیان ئامادە دەكەن، هەر وەزارەتێك بەپێی خشتەیەكی دیاریكراو، لەسەر پرسی ئامادەکردنی داتاکان گفتوگۆی لەگەڵ دەكرێت.

تێبینی ئەوەش دراوە، كە: “هەر وەزارەتێك، یان هەر دەستەیەك گفتوگۆی لەگەڵ ناكرێت، بەبێ ئامادەكردن و هێنانی داتا و زانیاریی داواكراو، هەروەها وەزارەت و دەستە بەرپرسن لە راستی و دروستیی زانیاریی داواكراو لە فۆڕمەكان.”

بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی  رایگەیاند: “پرسی داهات و بودجەی خەمڵێندراو گرنگیی زۆری پێ دەدرێت و فەرمانگەكان دەبێت ئەو بابەتە بەجدیی وەربگرن و لە وادەی دیاریكراودا خشتە و فۆرمەكان تەواو بكەن و رەوانەی بكەنەوە، دوای ڕەوانەكردنەوی بۆ ئێمەش، لەلایەن لێژنەیەكی تایبەت، لەسەر ئەو خەرجی و داهاتە خەمڵێنراوانە گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتەكان دەكرێت.”

روونیشی كردەوە: “لەسەر ئەو بنەمایەی، كە خەرجییەكان لەگەڵ داهاتەكان بگونجێن، پێشینەش بەو خەرجییانە بدرێت، كە زۆر پێویستن لە ڕاپەڕاندنی ئیش و كارەكان لە دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

لای خۆیەوە د. محەمەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی له دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان،  رایگەیاند: “ئامادەكردنی خەرجی و داهاتی وەزارەتەكان هەنگاوێگی گرنگ و پێویستە، هەم بۆ پلانی حكوومەت، هەمیش بۆ شەقافییەت و پرسی چاودێری و وردبینی.”

ئاماژەی بەوەش دا: “هەردوولا گرنگن، بەڵام گرنگتر رێكخستنی خەرجییەكانە، بەتابیەت خەرجیی مووچە و پێداویستییە گرنگەكانی فەرمانگە و دامەزراوەكان و خزمەتگوزارییەكانی ئاو و كارەبا و پڕۆژەكان.”

شوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار

کارئاسانیی زیاتر بۆ زیارەتکارانی چلەی ئیمام حسێن دەکرێت

سەڵاح

نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهان دابەزینى زیاترى تۆمار کرد

یاسین

١٢ کەس به تۆمەتی هێرشکردن بۆسەر ریستوڕانتی کەی‌ئێف‌سی دەسگیر کران

سەڵاح