ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلول دەکرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند ، سبەی پێنجشەممە خشتەی مووچەی مانگی ئەیلوول ڕادەگەیەندرێت.

ماوەی سێ هەفتەیە شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم لیستی مووچە و خەرجکردنی ئەو لێبڕینانەی لەمانگەکانی ڕابردوو ڕاگیرابوون لە شاری بەغدادن و چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرمانگەکانی بوودجە و ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ ئەنجامداوە، بەشی زۆری کێشەکانی لیستی مووچەیان چارەسەر کردووە، کە خۆی لە تێبینیەکانی نەبوونی بایۆمەتری و ناوی هاوشێوە و کێشەی بایۆمەتری و وەزارەتی کارەبا و پەرلەمانی کوردستان و کێشەی فەرمانبەرانی میلاکی حکومەتی هەرێم لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان دەبینێتەوە.
١- ڕۆژی چوارشەممە ( ٢٠٢٤/١٠/١٦ ) بڕی ( ١٠٩،٦٦٣،٣٢٩،٠٠٠ ) سەد و نۆ ملیار و شەشسەد و شەست و سێ ملیۆن و سێسەد و بیست و نۆ هەزار دینار وەك شایستەی ڕاگیراوی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیران و تەمووز و ئاب و ئەیلوولی وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و ئەو مووچە خۆرانەی ناویان لە یەکچوو بوو لەگەڵ ئەو مووچەخۆرانەی بایۆمەتریان کێشەی تێدابوو خەرجکرا.

٢- شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەبەغداد دەمێنێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو مووچە ڕاگیراوانەی تر کە بریتییە لەمووچەی ئەو فەرمانبەرانەی کە لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمن و لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان دەوام دەکەن، بەشێک لەدەرماڵەو سەرەمووچەی ساڵانەی فەرمانبەران تا لە نزیکترین کاتدا ئەو شایستانەش خەرج بکرێن، بابەتی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕیاری دادگای فیدراڵی کە حکومەتی هەرێم لە مانگی تەمووزەوە بڕیاری هاوتاکردنی مووچەکەیانی جێبەجێکردووە بەڵام تا ئێستا وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ تەمویلی هاوتاکردنەکەی خەرج نەکردووە.

٣- بڕی ئەو پارەیەی لەئێستادا لە بەردەستی وەزارەتی داراییدایە بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول نزیکەی ( ٨٠٠ ) ملیار دینارە و بڕی پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی ئەیلول نزیکەی ( ٩٩٧ ) ملیار دینارە.

٤- سبەی پێنجشەممە ( ٢٠٢٤/١٠/١٧ ) خشتەی مووچەی مانگی ئەیلوول ڕادەگەیەندرێت و شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەبەغداد لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەهەماهەنگیدا دەبن بۆ چارەسەری تەواوی ئەو شایستە ڕاگیراوانەی چەند مانگی ڕابردوو.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری. ٢٠٢٤/١٠/١٦

هەواڵی پەیوەندیدار

خولی فەرەنسا.. ئێنریکی بەردەوامە لە سەرکەوتنەکانی و پاریس هەر لە پێشەنگە

یاسین

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ كاكه‌يييەکان ده‌كات

یاسین

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، پێشوازیی له‌ باڵیۆزی ڕووسیا کرد

یاسین