وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاندووە: ڕۆژی یەکشەممە، 22ی 12ی 2024، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیی لە تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی “هەژماری من” لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان كردووە.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لە سەر دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆژەکە لەسەر ئاستی پارێزگاکان کراوە و بەپێی دوایین ئامارەکان تا ئێستا نزیکەی 700 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە ڕێگای هەشت بانکەوە خۆیان تۆمار کردووە.
دەشڵێت: زیاتر لە 318 هەزار کارتی بانکی دابەش كراوە و 306 ئامێری ڕاکێشانی پارە بەردەستە و بۆ مانگی تشرینی دووەم نزیکەی 221 هەزار مووچەخۆر بەشێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن.
بۆ مانگی کانونی دووەمی ساڵی داهاتوو سەرجەم فەرمانبەرانی شارستانی لە پارێزگای هەولێر بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەکانیان وەردەگرن.
لەلایەكی دیكەوە، تیشک خراوەتە سەر ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ سەرجەم خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و لەو ڕووەوە چەندین کارئاسانییان بۆ دەکرێت و بڕیاریشە لە ساڵی داهاتوودا هەنگاو بە هەنگاو پڕۆژەکە ڕادەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری بکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا پێشوازی لە گشتاندنی ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کراوە، کە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و پارێزگاکانی کردووە و نوسخەشی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ناردووە و حکومەتی هەرێمی پابەند کردووە بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی و تیایدا هاتووە، سەبارەت بەبەرەوپێشبردنی ژینگەی کارەکان و پتەوکردنی توانای بانکەکانی عێراق لەسەر بنەمای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی دارایی و بانکیی زیاتر، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەت و کۆمپانیاکانی ڕاسپاردووە بە پتەوکردنی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ بانکە ئەهلیەکان، بەتایبەت لەبواری کردنەوەی هەژماری بانکی و پێدانی سلفە و قەرزی بەڵگەنامەیی و هەروەها هاوکاریکردن بۆ بەرەوپێشبردنی پارەدانی ئەلیکترۆنی و تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەران.
بەوەش هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی “هەژماری من” سوود لەسەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.