بانکی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ جەختی کردەوە کە دابەزینی نرخەکانی نەوت و کێشانەوەی نەختینە لە بازاڕەکاندا، دوو هۆکارن کە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر یەدەگی دراوی قورسی عێراق هەیە.
بانکەکە لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە: “یەدەگەکانی عێراق پەیوەندییەکی زۆریان بە قەبارەی داهاتە نەوتییەکانەوە هەیە، ئەمەش وایان لێدەکات بەرانبەر بە هەڵبەز و دابەزی نرخە جیهانییەکانی نەوت ناسک بن؛ هەروەها ئەو ‘خاوێنکردنەوەی نەختینەییەی’ (Monetary Sterilization) کە بانکی ناوەندی بۆ کێشانەوەی پارە لە بازاڕدا ئەنجامی دەدات، کاریگەری نەرێنی هەیە، چونکە پێویستی بە بەکارهێنانی یەدەگە بیانییەکان هەیە.”
بانکەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: “نرخی نەوت لە ٨١ دۆلار بۆ وەرزی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، دابەزیوە بۆ ٦٩ دۆلار بۆ هەمان وەرزی ساڵی ٢٠٢٥، بەو پێیەش یەدەگەکان لە ١٤٢.٦٩ تریلیۆن دینارەوە کەمبوونەتەوە بۆ ١٢٦.١٦ تریلیۆن دینار بۆ هەمان ماوە.”
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە کێشانەوەی نەختینە لە بازاڕ لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیریی دراو، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی “وەرگیراوە نەختینەییەکان” (واتە بەدەستهێنانی دینار لەلایەن بانکەوە لە بەرانبەر فرۆشتنی دۆلار) لە ١٨.٣٧ تریلیۆن دینارەوە بۆ ٢١.٦٦ تریلیۆن دینار بۆ هەمان ماوە (کە بە واتای زیادبوونی فرۆشی دۆلار دێت)، جگە لە کاریگەریی کورتهێنانی بودجەی گشتی لەسەر پوختەی یەدەگە بیانییەکان.

