zagros news agency

نەوتی باکوور: توانای وەرگرتنی نەوتی بەسرە لە وێستگەی “K1” بۆ دوو هێندە بەرزکرایەوە

کۆمپانیای نەوتی باکوور ڕایگەیاند کە توانای بەتاڵکردن و وەرگرتنی نەوتی لە وێستگەی “K1” لە کەرکوک بۆ ٩٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزکردووەتەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی هەناردە لە دەروازەکانی باشوورەوە.
ئامادەیی تەواوی وێستگەی K1
عامر خەلیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور ڕایگەیاند: “بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران و وەزارەتی نەوت، کارمان کردووە بۆ زیادکردنی توانای هەناردەکردن بەرەو بەندەری جیهانی تورکی.”
ئاماژەی بەوەش کرد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت، توانای بەتاڵکردنی نەوت لە وێستگەی “K1” لە ٤٥ هەزار بەرمیلەوە بۆ ٩٠ هەزار بەرمیل زیاد کراوە و ئێستا وێستگەکە بە ڕێژەی ١٠٠٪ ئامادەیە بۆ وەرگرتنی ئەو نەوتەی بە تانکەر لە بەسرەوە دەگات.

بەڕێوەبەری گشتی ئاشکرای کرد کە یەکەم کاروانی تانکەرە نەوتەکان لە بەسرەوە بەرەو کەرکوک بەڕێکەوتوون بۆ ئەوەی لە وێستگەی “K1” بەتاڵ بکرێن و پاشان لە ڕێگەی بۆریی هەناردەکردنەوە ڕەوانەی بەندەری جیهانی تورکی بکرێن.
هەروەها جەختی کردەوە کە کۆگاکانی وێستگەکە توانای لەخۆگرتنی سەدان هەزار بەرمیل نەوتی خاوی کێڵگەکانی کەرکوک و بەسرەیان هەیە و ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ وەرگرتنی بڕی زیاتر.

کۆمپانیای نەوتی باکوور دووپاتی کردەوە کە کارەکانیان لە کێڵگەکانی کەرکوک، سەڵاحەدین و نەینەوا بەردەوامە بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردە، ئەمەش بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە دەروازەکانی باشوور بەهۆی ئالنگارییە ئەمنییەکانەوە دروست بووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لەفەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت

سەڵاح

بانکی ناوەندیی عێراق بڕه‌ دۆلارێکی زۆر دەخاتە بازاڕەوە

یاسین

نرخی ئەمڕۆی زێڕ و دراوەكان

سەڵاح