zagros news agency

ئەعرەجی: دەستوور ڕێگە نادات خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتان بەکاربهێنرێت

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند کە دەستووری وڵات ڕێگە نادات خاکەکەی بکرێتە پێگەیەک بۆ ئەنجامدانی هیچ کارێکی دوژمنکارانە دژی وڵاتانی تر، جەختیشی لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان کردەوە.
کۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزی فەرەنسا
بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، قاسم ئەعرەجی پێشوازی لە “پاتریک دورێل” باڵیۆزی فەرەنسا لە بەغدا کرد. لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکان و لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ناوچەکە لەسەر کەرتە جیاوازەکان، بەتایبەتی کەرتی ئابووری، تاوتێکران.

ئەعرەجی گوتی: عێراق پەرۆشی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ فەرەنسا و پەیڕەوی سیاسەتێکی هاوسەنگ دەکات لەگەڵ هەموو وڵاتان لەسەر بنەمای ڕێزی هاوبەش.
ئەعرەجی جەختی کردەوە کە “دەستووری عێراق ڕێگە نادات خاکەکەی وەک سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی تر بەکاربهێنرێت.”
راشیگەیاند: حکومەتی عێراق ڕێکاری ئەمنی توندی گرتووەتەبەر بۆ دابینکردنی پاراستن و پشتگیری بۆ هەموو نێردە دیپلۆماسییەکان.
هەڵوێستی فەرەنسا
لای خۆیەوە، باڵیۆزی فەرەنسا ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی کرد بۆ بایەخدان بە نێردە دیپلۆماسییەکان و پشتیوانی وڵاتەکەشی بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و ڕاگرتنی شەڕ دووپات کردەوە، بە مەبەستی بەدیهێنانی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری لە ناوچەکەدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

سوودانى فه‌رمان به‌ وه‌زیری ناوخۆ ده‌كات لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ مووشه‌كهاوێشتنى شه‌وى ڕابردووى به‌غدا بكرێت

یاسین

دوو لیوای ھاوبەش له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم دەست بەکار دەبن

یاسین

زاگرۆس زانیاری نوێ له‌باره‌ی هه‌وڵێك بۆ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی عێراق له‌رێگای سوریا ده‌خاته‌روو

سەڵاح