بەپێی نوێترین ئامارە ئابوورییەکان، عێراق پێگەی خۆی وەک یەکێک لە پێنج گەورەترین هاوردەکارانی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی تورکیا لە ساڵی 2025دا پاراستووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەناردەی شیر و بەرهەمەکانی ئەنقەرە بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە لە گەشەکردن.
کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی شیر و شیرەمەنییە پێچراوەکان لە تورکیا (ASUD) لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاشکرای کرد، عێراق لەگەڵ وڵاتانی جەزائیر، سعوودیە، قوبرسی باکوور و ئیمارات، پێنج گەورەترین بازاڕی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی تورکیان. ئەم پێنج وڵاتە بە تەنیا %40.7ی کۆی هەناردەی شیرەمەنی تورکیایان لەم ساڵەدا بۆ خۆیان تەرخان کردووە.
لە ڕووی داراییەوە، ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهای هەناردەی شیرەمەنی تورکیا لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 523.3 ملیۆن دۆلار، کە بەراورد بە ساڵی 2024 (489.5 ملیۆن دۆلار) گەشەیەکی بەرچاوی بە ڕێژەی 6.9%بەخۆیەوە بینیوە.
لە نێو بەرهەمە هەناردەکراوەکانیشدا، “پەنیر” لە سەرووی لیستەکەدایە بە بەهای 236 ملیۆن دۆلار، پاش ئەویش بەرهەمەکانی وەک ئاوی پەنیر (Whey)، شیری وشک و ئایسکرێم دێن.
ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە بازاڕی عێراق هێشتا بە شێوەیەکی بەرچاو پشت بە بەرهەمە خۆراکییەکانی تورکیا، بەتایبەت شیرەمەنییەکان دەبەستێت، ئەمەش لە چوارچێوەی فراوانبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان بەغدا و ئەنقەرەدایە.
کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تورکیا لە ئێستادا بەرهەمەکانی بۆ نزیکەی 100 وڵات هەناردە دەکات و پلان و هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ فراوانکردنی بازاڕەکانی لە ناوچەکانی ئاسیا و ئەمریکا.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئاماری تورکیا، عێراق لە ساڵی 2023دا یەکەمین وڵاتی هاوردەکاری بەرهەمە شیرەمەنییەکانی ئەو وڵاتە بووە.

