بانکێکی بەشدار لە پڕۆژەی (هەژماری من)ی حكوومەتی هەرێمی كوردسنان، قەرزێک کە دەگاتە 100 ملیۆن دینار، دەداتە فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی بانکی عێراقیی ئیسلامی، بانکەکە قەرز بە هاوبەشانی دەدات کە زۆرترینی 100 ملیۆن دینارە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “لەگەڵ خزمەتگوزاریی (مورابەحەی ئیسلامی) لە بانکی عێراقیی ئیسلامی، مووچەکەت دەبێتە کەفیلت بۆ بەدەستهێنانی قەرز تاوەکوو بڕی 100 ملیۆن دینار، بە قیستێک کە لە 17 هەزار دینارەوە دەست پێدەکات و لە نیوەی مووچەکەت زیاتر نابێت.”
ئاماژە بەوەش دراوە: “لە ڕێگەی مووچەکەت سوودمەند بە لە تەمویلێکی گونجاو و بە مەرجی ڕوون،” جەخت لەوەش كراوەتەوە، ئەوەی دەیەوێت قەرزەکە وەربگرێت، دەبێت سەردانی نزیکترین لقی بانک بکەن.
بەپێی بەدواداچوونەکان ئەو قەرزەی دەدرێت، مەرجی سەرەکیی ئەوەیە، مووچەخۆرەکە کارتی بانکیی (هەژماری من)ی هەبێت.
قەرزەکە بە کاش نادرێت، بەڵکوو بۆ کڕینی هەندێک بابەتی دیاریکراوە، بە تایبەت ئۆنڵاین و کڕینی ئۆتۆمبێل و خانوو.
لە ئاداری 2024دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بانکی ئیسلامیی عێراق (IIB – Iraqi Islamic Bank) بووە یەکێکی دیکە لەو بانکانەی کە بەشداری لە پرۆژەی (هەژماری من) دەكەن.
شوان بەرزنجی

