zagros news agency

توێژینەوەیەک: تێگەیشتنی پیاوان بۆ چەمکی “رێجیم” رێگری سەرەکییە لە دابەزاندنی کێش

 

توێژینەوەیەکی نوێی زانستی لە بەریتانیا دەریدەخات، پیاوان لە کاتی پابەندبوون بە بەرنامەکانی کێش دابەزاندندا رووبەڕووی کۆسپ و سەختیی زیاتر دەبنەوە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە دیدی ئەوانەوە، ئەو چەمکە بە مانای قەدەغەکردن و بێبەشبوونە و وەک بوارێکی نەریتیی ژنانە لێک دەدرێتەوە.

توێژەرانی زانکۆی ئەنگلیا ڕوسکین بۆ گەیشتن بەم ئەنجامە، چاوپێکەوتنیان لەگەڵ 24 پیاوی سەرووی تەمەن 30 ساڵ کردووە. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە پیاوان چەمکی رێجیم بە شێوازێکی نەرێنی دەبینن و بە پڕۆگرامی قورس و کورتخایەن بەستوویانەتەوە، چونکە بە رای ئەوان پێویستی بە توانای دەروونی و کۆششی زۆر هەیە.

بە گوێرەی توێژینەوەکە، بەشداربووان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە خودی ناوی رێجیم هەستی یاخیبوون لە جەستەیاندا دروست دەکات. هاوکات دەرکەوتووە کە پیاوان کەمتر لەناو کولتووری رێجیمدا دەژین و ئامادە نین کێش یان شێوەی دەرەوەی خۆیان لەگەڵ هاوڕێکانیان تاوتوێ بکەن.

لە بەرامبەردا، ئەو پیاوانەی لە پڕۆسەی کێش دابەزاندندا پشتگیریی هاوژینەکانیان هەیە، سەرکەوتنی زیاتر تۆمار دەکەن. یارمەتیدانی ئەوان لە رێکخستنی جۆری خۆراک یان گۆڕینی نەریتە ناتەندروستەکان وەک دابینکردنی میوە لە جیاتی شیرینی، کاریگەریی گەورەی لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی دڵخواز هەبووە.

توێژەران روونیکردەوە، بۆ سەرخستنی پڕۆگرامەکانی کێش دابەزاندنی تایبەت بە پیاوان، پێویستە خۆ لە چەمکی تەقلیدیی رێجیم بەدوور بگیرێت. پێویستە گرنگی بە گۆڕانکاریی درێژخایەنی رەفتاری و خۆراکی بدرێت، لەگەڵ تیشکخستنە سەر ئامانجی ئاسان، بەدەستهێنانی ئەنجامی خێرا و سوودوەرگرتن لە گیانی کێبڕکێ.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئايا خواردنەوە گازییەكان كاریگەرییان لەسەر هەڵوەرینی قژ هەیە

lana

سوودە تەندروستییەکانی ساوەر

lana

وەزارەتی تەندروستی ھاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە

سەڵاح