لە دەستکەوتێکی نوێ و پێشەنگی زانستیدا، توێژەرانی بواری دەمارناسی لە زانکۆی ستانفۆردی ئەمەریکی توانییان بە سەرکەوتوویی پەرە بە جۆرێک لە مشک بدەن کە بەشێک لە مێشکەکەی لە خانەی زیندوو و کارای مێشکی مرۆڤ پێکهاتووە؛ هەنگاوێک کە دەکرێت شۆڕشێک لە تێگەیشتن و چارەسەرکردنی نەخۆشییە ئاڵۆزەکانی مێشک و دەرووندا دروست بکات.
پڕکردنەوەی کەلێنە بۆماوەییەکان بە خانەی مرۆڤ
تیمی توێژەران لە تاقیگەکانی زانکۆی ستانفۆرد لەڕێگەی دەستکاریی جیناتییەوە مشکەکانیان بە جۆرێک گۆڕی کە توانای دروستکردنی هەندێک بەشی سەرەکیی مێشکیان نەبێت، وەک (کۆرتێکس/توێکڵی مێشک) کە بەرپرسە لە ئاستە باڵاکانی بیرکردنەوە، یادەوەری و هەستەکان، هەروەها بەشی (هیپۆکامپەس).
دواتر زانایان لە تاقیگەدا لە ڕێگەی گۆڕینی بەرنامەی بۆماوەیی خانەکانی پێستی مرۆڤ، شانەی دەماری و هاوشێوەی مێشکیان بەرهەمهێنا و خستیانە ناو مێشکی مشکەکان بۆ پڕکردنەوەی ئەو بەشە کەمئەندامانە.
وێنە و پشکنینە تیشکییە بڵاوکراوەکانی زانکۆکە دەریدەخەن کە خانە چێنراوەکانی مرۆڤ بە سەرکەوتوویی لەگەڵ تۆڕی دەماریی مێشکی مشکەکاندا گرێدراون و بوونەتە خانەی چالاک و کارا لەناو جەستەی گیاندارەکەدا.
کۆتاییهێنان بە شکستی تاقیکردنەوە کلینیکییەکان
مێشکی مرۆڤ لە ملیاران خانە پێکهاتووە کە بە ملیۆنان سووڕی کارەبایی ئاڵۆز پێکەوە بەستراونەتەوە، ئەمەش وایکردووە تێگەیشتن لە نەخۆشییەکان لەسەر ئاستی خانە زۆر ئەستەم بێت. لە لایەکی ترەوە، مشکی ئاسایی دووچاری ئەو نەخۆشییە دەروونی و دەمارییانە نابێت کە مرۆڤ تووشی دەبێت، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی شکستپێهێنانی زۆربەی ئەو دەرمانانەیە کە دەگەنە قۆناغی تاقیکردنەوە.
لەوبارەیەوە پرۆفیسۆر سێرجیۆ پاسکا، مامۆستا لە زانکۆی ستانفۆرد و سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:
“بواری نەخۆشییەکانی مێشک یەکێکە لەو بوارانەی کە نزمترین ئاستی سەرکەوتنیان هەیە لە تاقیکردنەوە کلینیکییەکاندا، تەنانەت ئەو دەرمانانەش کە دەگەنە ئەو قۆناغە شکست دەهێنن. ئەمەش پێماندەڵێت کە ئێمە هەندێک زانیاریمان لەبارەی بایۆلۆجیای مرۆڤەوە لێ ونە.”
زانایان پێیانوایە ئەم مۆدێلە نوێیە دەبێتە “گۆڕەپانێکی نوێ و یەکلاکەرەوە” (Game-changer) بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ نەخۆشییە بێچارەسەرەکانی وەک: شیزۆفرینیا، گەشکەگرتن (فێ)، ئۆتیزم، ئیفلیجیی مێشک و نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە (ئەڵزهایمەر).
چاودێریی ئێتیکی و ڕەفتاری مشکەکان
توێژەران جەختیان لەوە کردووەتەوە کە تاقیکردنەوەکە لەژێر چاودێرییەکی توندی لیژنەی سەربەخۆی ئێتیکی (ڕەوشتی زانستی) ئەنجامدراوە و ئەنجامە سەرکەوتووەکانی لە گۆڤاری زانستیی نێودەوڵەتیی بەناوبانگ “نەیچەر” (Nature) بڵاوکراونەتەوە.
سەبارەت بەوەی ئایا ئەم گۆڕانکارییە کاریگەریی لەسەر هۆشیاری یان رەفتاری مشکەکان دروستکردووە، دکتۆر پاسکا ئاماژەی بەوە کرد کە دوای شەش مانگ لە نەشتەرگەرییەکە زنجیرەیەک پشکنینی ڕەفتارییان بۆ ئەنجامداون و دەرکەوتووە: “مشکەکان بە تەواوی وەک مشکێکی ئاسایی ڕەفتاریان کردووە و هیچ جۆرە ڕەفتارێکی نامۆ یان نائاساییان لێ نەبینراوە.”

