zagros news agency

جەڵتەی مێشک لەنێو گەنجاندا ڕوو لە زیادبوونە؛ شارەزایان چ ڕاسپاردەیەک پێشکەش دەکەن؟

زیادبوونی کێش، بەرزیی کۆلسترۆڵ و کەم‌جووڵەیی دەتوانن ڕۆڵیان لە بەرزبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی مێشکدا هەبێت.
زۆربەی خەڵک هەتا تەمەنیان سەر نەکەوێت، نیگەرانی تەندروستیی دڵ و دەمارەکانی خۆیان نین، بەڵام بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ، ڕێژەی جەڵتەی مێشک لەنێو گەنجاندا بەردەوام ڕووی لە زیادبوون کردووە و لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی سی‌ئێن‌ئێن، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە ڕێژەی جەڵتەی مێشک لەنێو گەنجاندا لە ۳۳.۹ حاڵەت لە هەر ۱۰۰ هەزار کەس لە ساڵانی ۱۹۹۳ و ۱۹۹۴دا، گەیشتووەتە ۶۲.۲ حاڵەت لە هەر ۱۰۰ هەزار کەس لە ساڵی ۲۰۲۰دا. ئەم توێژینەوەیە باسی لە کەمێک بەرزبوونەوەی ژمارەی ڕزگاربووانی جەڵتەی مێشک کردووە؛ ئەم دەرئەنجامە دەریدەخات ڕەنگە ژمارەیەکی زیاتری گەنجان بە دەست لێکەوتە درێژخایەنەکانی ئەم نەخۆشییەوە بناڵێنن.
دکتۆر دەیڤید ڕۆبنسۆن، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە لە گۆڤاری پزیشکیی «نۆرۆلۆجی» (Neurology) گوتی: «جەڵتەی مێشک لە هەر تەمەنێکدا نەخۆشییەکی زۆر وێرانکەرە، بەڵام کاتێک بۆ کەسانی گەنجتر ڕوو دەدات، کاریگەرییەکەی وێرانکەرترە.»
ناوبراو، یاریدەدەری پرۆفیسۆری دەمارزانیی کلینیکی لە فاکەڵتیی پزیشکیی زانکۆی سینسیناتی، گوتی: «پەککەوتەیی بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە ئەنجامدانی کارە پێویستەکانی ژیان وەک کارکردن یان بەخێوکردنی منداڵانی چاوپێکەوتوو زۆر قورستر دەکات. پێویستە بزانین جەڵتەی مێشک تەنها تووشی بەساڵاچووان نابێت و ڕەنگە گەنجانیش بگرێتەوە، هەروەها ڕێگەچارە هەن بۆ خۆپاراستن لێی.»
توێژینەوەکە لەسەر کەسانی تەمەن ۲۰ بۆ ۵۴ ساڵەی دانیشتووی باکووری ویلایەتی کێنتاکیی ئەمریکا ئەنجام دراوە. لەنێوان ۱۹۹۳ تا ۲۰۲۰، لەم دانیشتووانەدا ۲۰۷۶ حاڵەتی جەڵتەی مێشکی یەکەم تۆمار کراون؛ لەو ژمارەیە، ۷۳۸ حاڵەت (۳۵.۶ لەسەد) تایبەت بە ڕەشپێستان و ۱۰۳۰ حاڵەت (۴۹.۶ لەسەد) تایبەت بە ژنان بووە.
هۆکاری سەرەکیی زیادبوونەکە جەڵتەی مێشکی ئیسکێمیک بووە کە بەهۆی گیرانی دەمارەکان و نەمانی ڕۆیشتنی خوێن بۆ مێشک ڕوو دەدات. لە ماوەی ئەم ۲۷ ساڵەدا، پەستانی بەرزی خوێن لە ۴۷ەوە بۆ ۶۰ لەسەد، شەکرە لە ۱۹وە بۆ ۲۶ لەسەد، تێکچوونی لێدانی دڵ لە ۱ بۆ ۶ لەسەد و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەریش لە ۵ بۆ ۴۰ لەسەد بەرز بووەتەوە.
دکتۆر ڕۆبنسۆن گوتی ڕەنگە ئەم هۆکارانە لە پاڵ زیادبوونی کێش، بەرزیی کۆلسترۆڵ و شێوازی ژیانی بێ‌جووڵە کاریگەر بن. ناوبراو ئاماژەی بە هەشت بنەمای کۆمەڵەی دڵی ئەمریکا کرد بۆ خۆپاراستن: خۆراکی تەندروست، وەرزش، دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان، خەوی باش، و چاودێریی کێش، کۆلسترۆڵ، پەستانی خوێن و شەکری خوێن.
دکتۆر کریستۆفەر ئەندەرسۆن لە زانکۆی پزیشکیی هارڤارد و دکتۆر میشێل لەپێرت لە نێوەندی پزیشکیی تافتس، جەختیان لەوە کردەوە پێویستە پشکنینی ساڵانە ئەنجام بدرێت تا مەترسییەکان لە قۆناغی سەرەتاییدا بناسرێنەوە. خانمانی گەنجیش لە کاتی دووگیانی و دوای منداڵبووندا، پێویستە بە وردی چاودێریی پەستانی خوێنیان بکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە: ئەو پەلامارە دوژمنكارانەیە و، هیچ پاساوێك هەڵناگرێت

سەڵاح

سه‌رچاوه‌يه‌كى ڕۆژنامه‌وانى له‌ سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕوونکردنەوەیەکى پێويستی بڵاو كرده‌وه‌

سەڵاح

هۆکارەکانی وشکبوونی دەم

lana