zagros news agency

ئەنجامی گەورەترین توێژینەوەی جیهانی لەبارەی ئازار: ئافرەتان لە هەموو بەشەکانی جەستەدا زیاتر لە پیاوان بەدەست ئازارەوە دەناڵێنن

 

توێژینەوەیەکی بەربڵاو لەسەر ئاستی جیهان ئاشکرای کرد کە ئافرەتان بە بەراورد لەگەڵ پیاواندا ڕێژەیەکی زۆر زیاتری ئازاری جەستەیی ڕادەگەیەنن. ئەم ئەنجامە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە نیگەرانییەکان لەسەر بوونی «جیاوازیی ڕەگەزی لە ئەزموونکردنی ئازاردا» روو لە زیادبوونە.

 

توێژەران لە سەرانسەری جیهاندا لە چوارچێوەی هەوڵێکدا بۆ ئامادەکردنی ئاماری ئازار، زانیارییان لەسەر زیاتر لە ٦ ملیۆن کەس لە ۱۱٨ وڵاتی جیهاندا لە نێوان ساڵانی ۱۹۹۰ تا ۲۰۲٥ کۆکردووەتەوە.

 

بەپێی ئەنجامەکان کە لە گۆڤاری زانستیی Nature Medicine بڵاوکراوەتەوە، ئازاری ڕاگەیەندراو لەلایەن ئافرەتانەوە لە سەرجەم ۱۱ ناوچەی دیاریکراوی جەستەدا (سەر، دەموچاو، مل و شان، قاچ ، دەست و مەچەک، ئەنیشک، سنگ، پشت، سک، حەوز و ئەژنۆ) زیاتر بووە لە پیاوان؛ بەتایبەت لە ئازاری سەر، دەموچاو و سکدا.

 

زیاتربوونی ئازار پێش تەمەنی ٥٥ ساڵی ڕوو دەدات و لە تەمەنی ۷٥ ساڵیدا دەگاتە ئەوپەڕی خۆی. نزیکەی ٤۰٪ی بەشداربووان ڕایانگەیاندووە کە ئازاری پشتیان هەیە.

 

١٨.٣٪ی بارگرانیی ئازار لە جیهاندا دەگەڕێتەوە بۆ سێ هۆکاری سەرەکی: جگەرەکێشان، قەڵەوی و کەمیی داهاتی خێزان. بۆ نموونە رێژەی قەڵەوی لە دروستکردنی ئازاردا لە ئەمریکای باکوور ۱۴.٦٪ و لە ئاسیای ناوەڕاست و باشوور ۲.۷٪ مەزەندە کراوە.

ئەندرۆ هۆرن، بەڕێوەبەری ناوەندی تەندروستیی زانکۆی ئێدنبرە، ئەم توێژینەوەیەی بە «خاڵی وەرچەرخان» ناو برد و جەختی کردەوە کە جیاوازیی ڕەگەزی لە ئازاردا ڕاستەقینە و جیهانییە و داوای کرد ئازاری ئافرەتان بە جددی لە کلینیکەکاندا وەربگیرێت و بودجە بۆ توێژینەوە لە هۆکارە بیۆلۆجی و کۆمەڵایەتییەکان تەرخان بکارێت.

 

ڕێبێکا سڵەیتەر، مامۆستای دەمارزانیی منداڵان لە زانکۆی ئۆکسفۆرد ڕایگەیاند کە ئافرەتان زیاتر ئازار ئەزموون دەکەن، بەڵام گوێیان پێ نادرێت یان دەستنیشانکردنی درەنگ و چارەسەری ناتەواویان بۆ دەکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

چارەسەری ئازاری ئەنیشک

lana

کاریگەری خۆراکە بەڕەنگەکان لەسەر مێشک

lana

خواردنەوەیەک پێش نوستن چارەسەری ئاوسانی سک دەدات

lana