توێژەرانی زانکۆی یورک لە کەنەدا لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە لە دەیان توێژینەوەی زانستییەوە دەریاخستووە کە ڕێکخستنی ماوەی خەوتن لە ڕێژەیەکی دیاریکراودا دەکرێت مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی تێکچوونی مێشک کەم بکاتەوە.
بەپێی ئەنجامەکانی توێژینەوەکە کە زانیاریی نێوان ٤ ملیۆن و ٥۰۰ هەزار کەسی تەمەن ۳٥ ساڵ و بەسەرەوه بەکارهێناوە، ئەو کەسانەی لە شەودا کەمتر لە ۷ کاتژمێر دەخەون، بە ڕێژەی ۱٨٪ زیاتر مەترسیی تێکچوونی مێشکیان لەسەره.
لە بەرامبەردا، خەوتنی زیاتر لە ٨ کاتژمێر مەترسیی تووشبوون بەم نەخۆشییە تا ۲٨٪ بەرز دەکاتەوە؛ ئەمەش دەیسەلمێنێت کە خەوی زۆر دەکرێت بە هەمان رێژەی کەم خەوی بۆ تەندروستی زیانبەخش بێت.
دانیشتنی بەردەوام بۆ زیاتر لە ٨ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا و ئەنجامندانی چالاکیی جەستەیی بە کەمتر لە ۱٥۰ خولەک لە هەفتەیەکدا، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە بەرزبوونەوەی بەرچاوی مەترسیی تێکچوونی مێشکەوە هەیە.
توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە وەرزش و خەوی گونجاو ڕۆڵیان هەیە لە پاراستنی ڕەوتی خوێن بۆ مێشک، پاککردنەوەی پاشماوەی دەمارەخانەکان (نۆرۆنەکان) و کەمکردنەوەی هەوکردن.
تیمی توێژینەوەکە جەخت دەکەنەوە کە ئەم داتایانە سەلمێنەری پەیوەندیی «هۆکار و ئەنجام» نین و تەنها ئاماژە بە «پەیوەندیی ئاماری» دەکەن؛ بۆ نموونە خەوتنی زۆر دەکرێت نیشانەی دەستپێکی نەخۆشیی زەهایمەر بێت نەک هۆکاری دروستبوونی.
پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە بەهۆی نەبوونی چارەسەری بنبڕ بۆ تێکچوونی مێشک، دەکرێت نزیکەی نیوەی حاڵەتەکانی تووشبوون لە ڕێگەی دەستکاریکردن و چاککردنی شێوازی ژیان و خۆپارێزیی پێشوەختەوە کەم بکرێنەوە.

