zagros news agency

بەرزبوونەوەی شەکری خوێن یارمەتیی شێرپەنجە دەدات لە سیستمی بەرگری ڕابکات

 

توێژەران بۆیان دەرکەوت شەکری زۆری گلوکۆز لە بارودۆخێکی هاوشێوەی دەوروبەری گرێدا، دەتوانێت چینە پارێزەرەکەی دەوری خانە شێرپەنجەییەکان ئەستوورتر بکات و ناسینەوەیان بۆ خانەکانی بەرگری سەختتر بکات.
توێژەران میکانیزمێکی ئەگەرییان دۆزیوەتەوە خانە شێرپەنجەییەکان لە ڕێگەیەوە لە چاوی کۆئەندامی بەرگری دەشاردرێنەوە. بۆیان دەرکەوتووە ئەم خانانە بەرگێکی ئەستوور و دەوڵەمەند بە ماددە شەکرەییەکان لە دەوری خۆیان دروست دەکەن، گلوکۆزی زۆریش لە ژینگەیەکی هاوشێوەی دەوروبەری گرێدا دەبێتە هۆی دروستبوونی بەرگێکی شەکرەیی ئەستوورتر. پرۆتینێک بە ناوی HSF1 ڕۆڵێکی سەرەکی لە دروستبوونی ئەم بەرگەدا دەگێڕێت. توێژەران پێشبینی دەکەن ڕاگرتنی ئەم پرۆسەیە بتوانێت ناسینەوە و لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان بۆ کۆئەندامی بەرگری ئاسانتر بکات.
بە پێی ڕاپۆرتی ساینس دەیلی، خانە شێرپەنجەییەکان هەندێک جار لە ڕێگەی دەورەدانی خۆیان بە چینێکی چڕ لە گەردە وەرگیراوەکانی شەکر، لە کۆئەندامی بەرگری هەڵدێن. ئەم بەرگە دەتوانێت جۆرێک خۆشاردنەوە دروست بکات و دەستنیشانکردن و لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان بۆ خانەکانی بەرگری سەختتر بکات. توێژەرانی پەیمانگەی دۆزینەوە پزیشکییەکانی سانفۆرد بێرنهام پرێبیس و چەند پەیمانگەیەکی تری توێژینەوە لە باکووری ئەمریکادا، ئێستا ئەو بارودۆخە ژینگەیییانەیان دەستنیشان کردووە دەتوانن یارمەتیی خانە شێرپەنجەییەکان بدەن لە دروستکردنی ئەم چینە پارێزەرەدا.
دەستکەوتەکانی ئەم توێژینەوەیە لە 7ی ئابی 2026 لە گۆڤاری ساینس ئەدڤانسێز (Science Advances)دا بڵاو کراونەتەوە و دەریدەخەن گۆڕانکاری لە وردەژینگەی گرێدا ــ واتە کۆمەڵەی دەوروبەر پێکهاتوو لە خانەکانی بەرگری، شانەی بەستەر، دەمارەکانی خوێن، پرۆتینەکان و کاربۆهیدراتەکان ــ دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئاستی سەرکەوتنی خانە شێرپەنجەییەکان لە خۆشاردنەوەدا دابنێت.
توێژەران بۆ کەمکردنەوەی ئەم بەرگە دەوڵەمەندە بە ماددە شەکرەییەکان، شێوازێکی توانستییان دەستنیشان کردووە کە ڕەنگە ناسینەوە و لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان بۆ کۆئەندامی بەرگری ئاسانتر بکات.
دکتۆر کێڤین تارپ، نووسەری سەرەکی و بەرپرسی ئەم توێژینەوەیە، پێشتر لێکۆڵینەوەی لەوە کردبوو پەستانی فیزیایی سەر خانەکان چۆن دەتوانێت گۆڕانکاریی چاوەڕواننەکراو لە کارکردنی مایتۆکۆندریادا دروست بکات. ناوبراو بۆی دەرکەوت گرێیەکان ژینگەیەکی لەبارن بۆ لێکۆڵینەوە لەم کاریگەرییانە، چونکە خانە شێرپەنجەییەکان زۆربەی کات لەژێر هێزە میکانیکییە بەرچاوەکاندان.
تارپ ڕوونی کردەوە: «گرێ سەرەتاییەکان زۆربەی کات لە شانەکانی دەوروبەریان ڕەقترن. هەر ئەم بابەتە وای لێ کردم ئەو گریمانەیە دابنێم تایبەتمەندییە بایۆفیزیکییەکانی خانەکان کاریگەری لەسەر بەرنامە میتابۆڵیکییە گۆڕاوەکانی نێو گرێیەکان دادەنێن.»
یەکێک لە گۆڕانکارییە میتابۆڵیکییە پێوەندیدارەکان بە گرێیەکان، کەمبوونەوەی بەکارهێنانی گلوکۆزە بۆ بەرهەمهێنانی وزە لە مایتۆکۆندریادا. توێژینەوەکانی پێشوو دەریانخستووە ئەم گۆڕانکارییە ڕەنگە بەند بێت بە ماددە خۆراکییە بەردەستەکانی دەوروبەری خانەکانەوە، کەواتە بە ناچاری تایبەتمەندییەکی بنەڕەتیی خودی خانە شێرپەنجەییەکان نییە.
تارپ و هاوکارانی بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر، خانەکانیان خستە بەر بڕێکی زۆر لە گلوکۆز و لە چەند دۆخێکی جیاوازدا چاندیانن. هەندێک خانە لە ژینگەیەکی ڕەقدا دانران تا هاوشێوەی بارودۆخی فیزیکیی دەوروبەری گرێ سەرەتاییەکان بن. گرووپێکی تر لە ژینگەیەکی نەرمتردا گەشەیان پێ درا کە زیاتر لە شانەی ئاسایی دەچوو.
توێژەران خانەکانیشیان بە پێی جۆری ژینگەی چاندنەکە بۆ دوو گرووپ دابەش کرد. یەکێکیان ژینگەی ستانداردی تاقیگەیی بوو، ژینگەکەی تریش بە جۆرێک ئامادە کرا بە شێوەیەکی وردتر پێکهاتەی ماددە خۆراکییەکانی نێو لەشی مرۆڤ دروست بکاتەوە. هەردوو جۆرە ژینگەی چاندنەکە لە دۆخی ئاسایی و هەروەها لە دۆخی زیادبوونی گلوکۆزدا تاقی کرانەوە تا توێژەران بتوانن دۆخی شەکری بەرزی خوێن دروست بکەنەوە.
ئەم جیاوازییە ژینگەیییانە لەو پرۆتینانەی لە لایەن خانەکانەوە بەرهەم دەهێنران، لە خەستیی میتابۆلیتەکانی نێو خانەکان و لە ئەستووریی چینی وەرگیراو لە شەکر لەسەر ڕووی خانەکان (گلیکۆکالیکس) گۆڕانکاریی بەرچاویان دروست کرد.
خاڵی گرنگ ئەوە بوو گلوکۆزی زیادە تەنیا کاتێک ئەستووریی گلیکۆکالیکسی زیاد دەکرد کە خانەکان لە ژینگەی فیزیۆلۆژیدا گەشەیان کردبێت، واتە ئەو ژینگەیەی دۆخی نێو لەشی مرۆڤ بە وردی دروست دەکاتەوە.
تارپ گوتی: «ئێمە بینیمان گۆڕینی پێکهاتەی ژینگەی فیزیۆلۆژی و گۆڕینی میتابۆلیتە بەردەستەکانی بەردەم خانە شێرپەنجەییەکان، جیاوازییە بایۆلۆژییە دیارەکانی نێوان میتابۆلیزمی خانە ئاساییەکان و خانە شێرپەنجەییەکان ئاشکرا دەکات.»
توێژەران پاشان لێکۆڵینەوەیان لەوە کرد ئەم گۆڕانکارییە میتابۆڵیکییانە چۆن کاریگەری لەسەر گلیکۆکالیکس دادەنێن. بۆ تێگەیشتن لە هۆکاری پێوەندیی نێوان گلوکۆزی زیادە لەگەڵ ئەستوورتربوونی گلیکۆکالیکسدا، لێکۆڵینەوەیان لەوە کرد لە کاتی کەوتنەبەر شەکری بەرزدا، ڕێژەی کام پرۆتین بەرز دەبێتەوە.
تاقیکردنەوەکانیان هۆکاری شۆکی گەرمی 1 (HSF1)یان دەرخست؛ پرۆتینێکە بە یارمەتیدانی خانەکان بۆ مانەوە لە پلەی گەرمیی بەرز و دۆخە پڕ لە تەنگژەکاندا دەناسرێت. توێژینەوەکانی پێشوو پێوەندیی نێوان HSF1 و پەرەسەندن و تەشەنەسەندنی شێرپەنجەیان بۆ ئەندامەکانی تر (میتاتاز) لە شێرپەنجەی مەمکدا دەستنیشان کردبوو.
ئەم گرووپە دەریانخست هەبوون یان نەبوونی HSF1 پێکهاتە شەکرەییە بەستراوەکان بە پرۆتین یان چەوری (گلیکۆکۆنژوگەکان) لە لایەن خانەکانەوە دەگۆڕێت.
توێژەران پاشان لێکۆڵینەوەیان لە پێوەندیی نێوان شەکری بەرزی خوێن، HSF1، وردەژینگەی گرێ و توانای کۆئەندامی بەرگری بۆ هێرشکردنە سەر خانە شێرپەنجەییەکان کرد و بۆیان دەرکەوت شەکری بەرزی خوێن تەنیا کاتێک توانای خانە شێرپەنجەییەکان بۆ دەربازبوون لە ناسینەوەی کۆئەندامی بەرگری زیاد دەکات کە HSF1 هەبێت و خانەکان لە ژینگەیەکی هاوشێوەی دەوروبەری گرێدا گەشەیان کردبێت.
ئەم دەستکەوتانە دەریدەخەن ئەو دەرمانانەی بۆ بەئامانجگرتنی HSF1 دیزاین دەکرێن، ڕەنگە ئەستووریی گلیکۆکالیکس کەم بکەنەوە و بەشێک لەو بەرگە پارێزەرە لەناو ببەن کە وادەکات خانە شێرپەنجەییەکان لە کۆئەندامی بەرگری هەڵبێن.
بە زیادبوونی بەربڵاوی نیشانەکانی میتابۆلیک و نەخۆشیی شەکرەی جۆری 2، ئەم توێژینەوەیە دەتوانێت گرنگییەکی تایبەت پەیدا بکات. لە هەردوو نەخۆشیدا شەکری خوێن بەرز دەبێتەوە و بە گوتەی تارپ، ئەمە دەبێتە یەکێک لە هۆکارە مەترسیدارە گرنگەکان بۆ تووشبووانی شێرپەنجە.
کۆمەڵێک توێژینەوەی پێشووش شەکری بەرزی خوێنیان هەم بە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە و هەم بە ئەنجامە نەخوازراوەکانی پاش چارەسەری شێرپەنجەوە بەستبووەوە. سەرەڕای ئەوەش، توێژینەوەی زۆر کەمتر لێکۆڵینەوەیان لە میکانیزمە بایۆلۆژییە ئەگەرییەکان کردبوو بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پێوەندییە. دەستکەوتە نوێیەکان لە ڕێگەی نیشاندانی ئەوەی زیادبوونی گلوکۆز چۆن ڕاستەوخۆ دەتوانێت یارمەتیی گرێیەکان بدات لە پەلاماری کۆئەندامی بەرگری دەرباز بن، ڕوونکردنەوەیەکی گونجاو بۆ ئەم پێوەندییە دەخەنە ڕوو.
تارپ لەم بارەیەوە گوتی: «ئەوەی ئێمە دۆزیمانەوە، میکانیزمێکی گونجاوە دەری دەخات شەکری بەرزی خوێن چۆن ڕاستەوخۆ یارمەتیی دەربازبوون لە کۆئەندامی بەرگری دەدات. ئەم دەستکەوتە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ بەرگرتن لە کاریگەریی شەکری بەرزی خوێن لە شاردنەوەی خانە شێرپەنجەییەکان لە کۆئەندامی بەرگری؛ ئەو شەکری خوێنەی دەکرێت بەهۆی نەخۆشییەکانی میتابۆلیک و شێوازی خۆراکیی سەردەمەوە بەرز بێتەوە.»

هەواڵی پەیوەندیدار

چوار نەخۆشی کاریگەریان لەسەر گەشەی منداڵ هەیە

lana

سودەکانی یەک پەرداخ شەربەتی هەنار

lana

سوودە گرینگەکانی زەردێنەی هێلکە

lana