ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ی تشرینی یەکەمی 2026، لە شاری هەولێر و لە چوارچێوەی چالاکییەکانی مانگی جیهانیی هۆشیاریی شێرپەنجەی مەمک، “کۆنفرانسی لوتکەیی شێرپەنجەی مەمک” بە ڕێکخستنی ڕێکخراوی «گڵۆبەڵ شەیپەرز» و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی ئیدریس سورچی بەڕێوەچوو.
کۆنفرانسەکە بە ئامادەبوونی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، هێمن قادر، جێگری پارێزگار، د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، جگه لە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان، و کۆمەڵێکی بەرچاو لە پزیشکان و پسپۆڕانی بواری تەندروستی بەڕێوەچوو.
ئەم لوتکەیە وەک دەستپێشخەرییەکی تەندروستی و مرۆیی گرنگ تیشکی خستە سەر بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگە بەرامبەر ئەم نەخۆشییە. لە بەشێکی سەرەکیی تەوەرەکانی کۆنفرانسەکەدا، جەخت لەسەر گرنگیی دەستنیشانکردنی پێشوەختە، ناسینەوەی نیشانەکانی ئاگادارکردنەوە، و ئاشنابوونی هاووڵاتییان بە شێوازەکانی پشکنین و چارەسەرکردن کرایەوە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکە و بەرزکردنەوەی رێژەی چاکبوونەوە.
لە کۆتایی چالاکییەکاندا، بەشداربووان جەختیان لە بەردەوامیی هەماهەنگی و هەوڵە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکان کردەوە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک و بڵاوکردنەوەی زیاتری کەلتووری پشکنینی پێشوەختە لە پێناو پاراستنی تەندروستیی گشتیدا.

