هەندێک لە دەزووی ددانە بەناوبانگەکان تا ئەم دواییانە بەهۆی خلیسکبوونی زۆریانەوە ناسرابوون؛ بەڵام ئێستا ژمارەیەک لە بەکارهێنەران تێبینییان کردووە کە دەزووی ددانە هەمیشەییەکەیان زبرتر و جیاواز بووە. هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە، بڕیاری هەندێک بەرهەمهێنەرە بۆ وازهێنان لە ماددەیەکی کیمیایی.
کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری دەزووی ددان وردە وردە واز لە بەکارهێنانی “پۆلی تێترافلۆرۆئێتیلین” یان PTFE دەهێنن.
ئەم ماددە دەستکردە کە بە ناوی بازرگانیی تێفلۆنیش ناسراوە، یارمەتیی دەزووەکە دەدات بە ئاسانی لەنێوان ددانەکاندا بجوڵێت. PTFE لە خێزانی فراوانی پێکهاتەکانی PFASە کە بەهۆی جێگیریی زۆریانەوە لە ژینگەدا بە “ماددە کیمیایییە بەردەوامەکان” ناسراون.
توێژینەوەکان بەرکەوتن لەگەڵ هەندێک پێکهاتەی ئەم خێزانەیان بە زیادبوونی مەترسیی هەندێک شێرپەنجە، کەمبوونەوەی کاردانەوەی بەرگری و کێشەکانی زاوزێوە پەیوەندیدار زانیوە. لەگەڵ ئەوەشدا، جیاوازییەکی گرنگ هەیە: دەرئەنجامێکی لەو شێوەیە بۆ خودی ماددەی PTFEی نێو دەزووی ددانەکە نەسەلمێنراوە و ناتوانرێت ئەوە بکرێتە ئەنجام کە بەکارهێنانی بە پێویست دەبێتە هۆی نەخۆشی.
توێژەران لە قۆناغێکی تردا، ١٨ جۆر دەزووی ددانیان لە ڕووی بوونی فلۆرەوە تاوتوێ کرد. ئەنجامی تاقیکردنەوەی شەش بەرهەم ئەرێنی بوو؛ لەوانە هەرسێ نموونەی تاوتوێکراو لە بەرهەمەکانی گلاید، دوو بەرهەمی فرۆشگایی هاوشێوەی ئەوان و دەزوویەکی ددانی کۆڵگەیت کە بە ناوی “ڕیشاڵەکانی تێفلۆن” دەناسێنرا.
بوونی فلۆر دەتوانێت نیشانەی بەکارهێنانی ماددە فلۆردارەکان، لەوانە PTFE، بێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم توێژینەوەیە پەیوەندیی هۆکار و دەرئەنجامی نەسەلماند. توێژەران نە نیشانیان دا کە PFHxSی نێو خوێن ڕاستەوخۆ لە دەزووی ددانەوە چووەتە نێو جەستە و نە بڕی ئەم ماددەیەیان لە خودی دەزووەکاندا پێوا.
گراهام پیزلی، یەکێک لە توێژەرانی لێکۆڵینەوەکە، جەختی لەوەش کردووەتەوە ڕەفتارەکان یان سەرچاوەکانی تری بەرکەوتن کە لە توێژینەوەکەدا کۆنترۆڵ نەکراون، ڕەنگە ڕۆڵیان لەم پەیوەندییەدا هەبێت.
زانست چی دەڵێت؛ ئایا فلۆرایدی هەویری ددان زیانی بۆ جەستە هەیە؟
بۆچی پێکهاتەی دەزووی ددانەکان گۆڕاوە؟
کۆمپانیای پرۆکتەر ئەند گامبڵ، بەرهەمهێنەری ئۆراڵ-بی، بە واشنتن پۆستی پشتڕاست کردووەتەوە فۆرموڵەی بەرهەمەکانی گلایدی گۆڕیوە و PTFE و PFASی لەوان لابردووە.
ئەم کۆمپانیایە ئێستا ڕیشاڵێک بەکاردەهێنێت کە پێکهاتەیەکی زۆر وردی هەیە، لە نایلۆن و ماددە کشاوەکان دروست کراوە، کە پۆلیمەری “پێباکس” یارمەتیی زیادکردنی پتەوی و بەردەوامییەکەی دەدات.
کۆمپانیای کۆڵگەیت ڕاشی گەیاندووە لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە دەستی بە لابردنی PTFE لە بەرهەمەکانی دەزووی ددانی خۆی کردووە. ئەم کۆمپانیایە لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەکارهێنانی پێشووی ئەم ماددەیەی بە سەلامەت زانیوە.
لە کاتی کڕینی دەزووی دداندا سەرنجی کام خاڵان بدەین؟
کۆمەڵەی پزیشکیی ددانی ئەمریکا لەبارەی ئەوەی کڕیاران بە وردی بە دوای کام پێکهاتەدا بگەڕێن لەسەر پاکەت، ئامۆژگارییەکی دیاریکراوی پێشکەش نەکردووە و پرسیارکردن لەبارەی ماددە پێکهێنەرەکانی هەر بەرهەمێک بۆ کۆمپانیای بەرهەمهێنەر گەڕاندووەتەوە.
بەڵام لۆرێڵ شایدەر، توێژەری باڵا لە پەیمانگای سایلنت سپرینگ، پێشنیار دەکات بەکارهێنەران بچنە سەر دەزووی ددانە بێ PTFEەکان.
بە گوتەی ئەو، دەزووی ئاوریشمی دەتوانێت لە ڕووی جێگیریی ژینگەییشەوە جێگرەوەیەکی گونجاوتر بێت بۆ نایلۆنی وەرگیراو لە نەوت.
گرنگرین پەیامی شارەزایان بەڵام وازهێنان لە دەزووی ددان نییە. پاککردنەوەی نێوان ددانەکان هێشتا بەشێکی گرنگە لە چاودێریی دەم و پووک.
بۆیە، لە جیاتی وەستاندنی ئەم خووە سوودبەخشە، باشترە بەرهەمێک هەڵبژێردرێت کە گونجاو بێت لەگەڵ پێداویستیی ددانەکان و بە پێکهاتەی دیاریکراو. نیگەرانی لەبارەی هەندێک ماددەی پێکهێنەر نابێت ببێتە هۆی ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە کە دەزووی ددان بەکارهێنان کردارێکی مەترسیدارە.

