zagros news agency

بڕیارێک بۆ مووچەخۆران دەرچوو

جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیران ئاشكرای دەكات، تیمی (هەژماری من) لەگەڵ وەزارەتی دارایی کاردەکات بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەک لە دەرکردنی کارتە بانکییەکان و تەواوکردنی پرۆسەی تۆمارکردن.

عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاوی كردەوە: “لە لیستی مووچەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 350 هەزار خانەنشین هەیە، تاكو ئێستا 50 هەزار كارتی بانكی لەلایەن خانەنشینان وەرنەگیراوەتەوە و بە هەزارانیش خۆیان لە (هەژماری من) تۆمار نەكردووە.”

روونیشیکردەوە: “تاوەكوو ئێستا زیاتر لە نیوەی ئەو خانەنشینانە مووچەکانیان بە دیجیتاڵی و لە ڕێگەی سیستەمی (هەژماری من)ەوە وەرگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی کۆتاییهێنان بە ڕاوەستانیان لە سەرە درێژەکاندا.”

عەزیز ئەحمەد نیگەرانی خۆی لە بارودۆخی خانەنشینان دەربڕی و ڕایگەیاند: “بوونی جێگرەوەیەکی باشتر و شایستەتر بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، وایکردووە بینینی دیمەنی قەرەباڵغی بەردەم بانکەکان جێگەی داخی زۆر بێت.”

ئەو بەرپرسە داواکارییەکی بەپەلەی ئاڕاستەی خانەنشینان كرد و گوتی: “ئەوانەی هێشتا کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە، بچن لە زووترین کاتدا بیبەنەوە، تاوەکو لە قەرەباڵغی، ماندووبوون و پشێوییەکانی بەردەم بانکەکان بەدوور بن و بتوانن بە شێوازێکی ئاسانتر مووچەکانیان پێبگات.”

زیاتر گوتیشی: “داوا لە گەنجان و فەرمانبەرانی خانەنشینکراو دەكەین هاوکاریی خانەنشینانی تەمەن گەورە بکەن بۆ تۆمارکردنی ناویان لە (هەژماری من)تا لە خزمەتگوزارییەکانی پارەدانی دیجیتاڵی سوودمەند ببن.”

جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشكراشی كرد: “تیمی (هەژماری من) لە نزیکەوە و بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکات بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەک لە دەرکردنی کارتە بانکییەکان، تەواوکردنی پرۆسەی تۆمارکردن و گواستنەوەی کۆتایی مووچەکان بۆ سەر سیستەمی پارەدانی دیجیتاڵی.”

لای خۆیەوە فریاد فاخر، بەڕێوەبەری بانکی سەروەران ڕایگەیاند: “ئەو خانەنشینەی كارتی (هەژماری من) وەردەگرێتەوە، پێویستە سەردانی بانكەكەی خۆی بكات، ئەو بانكەی كە مووچەی لێ وەردەگرێت لەوێ كارتەكەی وەردەگرێتەوە و مووچەی بە كاش نامێنێت.”

ئاماژەی بەوەش، ئەو مووچەخۆرانەیشی كە نامەیان لە (هەژماری من) بۆ دەچێت و ئاگادار دەكرێنەوە كە پارە هاتووەتە سەر هەژمارەكانیان، دەبێت سەردانی ئامێرەكانی راكێشانی پارە (ATM) بكەن و مووچەی خۆیان رابكێشن.

بەپێی داتاکانی تیمی پڕۆژەی (هەژماری من) ، پڕۆسەی دابەشکردنی مووچە بە شێوەی ئەلیکترۆنی بۆ مووچەی مانگی پێنج گەیشتووەتە نزیكی 800 هەزار سوودمەند و تاوەکوو ئێستا پڕۆسەی تۆمارکردن لە پڕۆژەی (هەژماری من) ژمارەی ئەو کەسانەی ناوی خۆیان تۆمار کردووە 900 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

شوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار

مەکتەبی سیاسی پارتی: بابەتی گۆڕانکاری لە ئورگانە حزبییەکانمان دورە لەڕاستی

یاسین

نرخی ئەمڕۆی زێڕ و دراوەكان

سەڵاح

زیاد شێخ تەلعەت : پێشبینی ئەوە دەكەم نرخی زێر زیاتر بەرزببێتەوە

گوران