پێشبڕکێی جیهانیی بەرهەمهێنانی دەرمانەکانی دابەزاندنی کێش هەنگاوێکی نوێی بڕیوە، دوای ئەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی پزیشکی دەرخست دەرمانی تاقیکاریی ریتاتروتايد دەتوانێت زیاتر لە دوو هێندەی دەرمانی ئۆزەمپیک کێشی جەستە دابەزێنێت. ئەم دەرمانە هاوکات ئاستی شەکری خوێنیش بە شێوەیەکی کاریگەرتر کۆنترۆڵ دەکات.
کۆمپانیای ئەمریکیی ئیلی لیلی رایگەیاند، ئەو بەشداربووانەی بەرزترین ژەمەی ریتاتروتايد-یان وەرگرتووە، لە ماوەی 80 هەفتەدا 20.9%ـی کێشی جەستەیان دابەزیوە، لە کاتێکدا ئەو رێژەیە بۆ بەکارهێنەرانی ئۆزەمپیک 9.4% بووە.
تاقیکردنەوەکە 1300 کەسی تووشبووی شەکرەی جۆری دووەمی لەخۆ گرتووە. لە تاقیکردنەوەکەدا بەراورد کراوە لە نێوان دوو ژەمەی هەفتانەی ریتاتروتايد بە چڕیی 9 و 12 میلیگرام و دەرمانی ئۆزەمپیک بە ژەمەی 2 میلیگرام.
دوای 80 هەفتە، بەکارهێنەرانی بەرزترین ژەمەی دەرمانە نوێیەکە لە تێکڕادا 21.5 کیلۆگرام کێشیان دابەزاندووە، لە بەرامبەردا لەگەڵ ئۆزەمپیک ئەو رێژەیە 9.5 کیلۆگرام بووە. هەروەها شەکری تراکمەی خوێن بە رێژەی 2.2 خاڵ دابەزیوە، لە بەرامبەر 1.8 خاڵ لەگەڵ ئۆزەمپیکدا.
جیاوازیی سەرەکیی هەردوو دەرمانەکە لە شێوازی کارکردنیاندایە. ئۆزەمپیک تەنیا ئامانجی یەک هۆرمۆنی جی ئێڵ پی وەن-ە، بەڵام ریتاتروتايد لە یەک کاتدا کار لەسەر سێ ڕەگەزی هۆرمۆنی دەکات کە بریتین لە جی ئێڵ پی وەن و جی ئای پی و گلۆکاگۆن. ئەم کاریگەرییە هەمچەشنە یارمەتییەکی زۆری رێکخستنی ئارەزووی خواردن و ئاستی شەکری جەستە دەدات.
سەرەڕای ئەنجامەکان، هەندێک کاریگەریی لاوەکی تۆمار کراون، دیارترینیان دڵتێکەڵهاتن، رشانەوە و سکچوون بوون. 7.9%ـی بەکارهێنەرانی بەرزترین ژەمە بەهۆی سەختیی نیشانەکان وازیان لە دەرمانەکە هێناوە، لە بەرامبەر 2.7% لە بەکارهێنەرانی ئۆزەمپیک.
دەرمانەکە هێشتا مۆڵەتی فەرمیی وەرنەگرتووە. کۆمپانیای ئیلی لیلی پلانی هەیە لە ساڵی 2027 داواکاری بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەت لە ئەمریکا پێشکەش بکات و تا ئەو کاتە لێکۆڵینەوە لەسەر سەلامەتیی درێژخایەنی دەرمانەکە بەردەوام دەبێت.

