خواردنەوەی چای زۆر گەرم مەترسیی تووشبوون بە «کارسینۆمای خانەی فلسینەیی سوورێنچک» زیاد دەکات. داتاکانی پەیمانگەی توێژینەوەی شێرپەنجەی بریتانیا پێشانی دەدەن ئەو کەسانەی خواردنەوەکەیان بە «زۆر گەرم» وەسف کردووە، بەراورد بەوانەی بە پلەی گەرمیی نزمتر دەیخۆنەوە، سێ هێندە زیاتر ڕووبەڕووی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی سوورێنچک دەبنەوە.
ئەم مەترسییە لای ئەو کەسانەی خواردنەوەکەیان تەنیا بە «گەرم» وەسف کردووە، بە ڕێژەی لەسەدا ٧٠ زیادی کردووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تەلەگراف، ئەم توێژینەوەیە لەلایەن پسپۆڕانی زانکۆی ئۆکسفۆرد و بە بەکارهێنانی داتای نزیکەی ٩٨٠ هەزار بەشداربوو لە دوو لێکۆڵینەوەی بریتانیادا، لەوانە «بانکی بایۆلۆجیی بریتانیا» و «توێژینەوەی یەک ملیۆن ژن»، ئەنجام دراوە.
ئەنجامەکان پێشانی دەدەن پلەی گەرمیی خواردنەوەی چا و قاوە لە وڵاتانی ڕۆژاوادا نزیکەی ٦٠ پلەی سیلیزییە و پلەی گەرمیی خواردنەوەکە کاریگەری لەسەر یەکێک لە دوو جۆرە سەرەکییەکەی شێرپەنجەی سوورێنچک بە ناوی «کارسینۆمای خانەی فلسینەیی» (SCC) دادەنێت. شارەزایان هۆکاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە پلەی گەرمیی بەرز دەتوانێت زیان بە خانەکانی پۆشەری سوورێنچک بگەیەنێت. سوورێنچک بۆڕییەکی ماسولکەییە لە دەمەوە بە درێژایی قەفەزەی سنگ تا گەدە شۆڕ دەبێتەوە.
کارێن پاپیر، توێژەری سەرەکیی ئەم لێکۆڵینەوەیە گوتی ئەم دۆزراوانە بەڵگەی زیاتر دەخەنە سەر زانیارییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پەیوەندیی خواردنەوە زۆر گەرمەکان، وەک خواردنەوەی گیایی «ماتێ» لە ئەمریکای باشووردا، لەگەڵ زیادبوونی مەترسیی هەندێک جۆری شێرپەنجەی سوورێنچک. ئەوەی کەمتر ڕوون بوو ئەوە بوو ئایا ئەم پەیوەندییە لەو پلە گەرمییەشدا دروست دەبێت کە بە شێوەیەکی ئاسایی لە کۆمەڵگە ڕۆژاوایییەکاندا دەخورێتەوە یان نا.
ناوبراو زیاتر گوتی: «ئەم توێژینەوەیە گەورەترین لێکۆڵینەوەیە لەنێو دانیشتووانی بریتانیادا ئەم بابەتەی پشکنیوە؛ لەوێ خەڵکێکی زۆر ڕۆژانە چا و قاوە دەخۆنەوە. ئەنجامەکان بەڵگە بەردەستەکان بەهێزتر دەکەن لەبارەی ئەوەی خواردنەوەی شلەمەنیی زۆر گەرم دەکرێت مەترسیی تووشبوون بە کارسینۆمای خانەی فلسینەیی سوورێنچک زیاد بکات.»
بە گوتەی پاپیر: «بۆ دیاریکردنی پلەی گەرمیی وردی ئەو خواردنەوانەی لەگەڵ ئەم مەترسییەدا پەیوەستن، پێویستی بە توێژینەوەی زیاتر هەیە.» فیۆنا ئۆسگۆن، بەڕێوەبەری زانیاریی تەندروستی لە پەیمانگەی توێژینەوەی شێرپەنجەی بریتانیا دەڵێت هەرچەندە ئەم مەترسییە لە بریتانیادا هێشتا «تا ڕادەیەک کەمە»، بەڵام هاووڵاتییان دەتوانن بە مەبەستی خۆپاراستن چەند هەنگاوێکی سادە بنێن؛ بۆ نموونە پێش خواردنەوەی چا یان قاوە، بهێڵن کەمێک سارد بێتەوە یان کەمێک شیری ساردی تێکەڵ بکەن.
ناوبراو گوتیشی: «گرنگترین ڕێگاکانی کەمکردنەوەی مەترسیی ئەم جۆرە شێرپەنجەیە، جگەرەنەکێشان و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کحوولە.» ساڵانە نزیکەی ٩ هەزار و ٥٠٠ حاڵەتی شێرپەنجەی سوورێنچک لە بریتانیادا دەستنیشان دەکرێت و ئەگەری تووشبوون بە کارسینۆمای خانەی فلسینەیی سوورێنچک لە ماوەی ژیاندا نزیکەی لەسەدا یەکە.

